لە قوشتەپە کارەبا نییە و جووتیاران زیانی زۆریان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێک لە گوندی سێنارەی سەر بە قەزای قوشتەپە، دەردەدڵی خۆی لەبارەی لەناوچوونی رەنج و ماندووبوونی 30 دۆنم زەوی چێنراو بە شووتی و 10 دۆنمی دیکەی قەرنابیت دەکات. ئەو دەڵێت، بێکارەبایی ئەم ساڵ نەیهێشتووە بەرهەمەکانی تێر ئاو بن.
 
ئاری مستەفا، ئەو جووتیارەی گوندی سێنارەیە، بە رووداوی گوت "زیانەکەمان بە نزیکەیی هەشت بۆ نۆ ملیۆن دینارە. بەهۆی بێکارەباییەوە، شەوان کارەبا نەبووە و بە رۆژیش تەنیا دوو کاژێر کارەبامان هەبووە و دەبڕا. ئەگەر کارەبا باش بێت، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە.
 
لە گوندەکانی سنووری قەزای قوشتەپە، کە 59 گوندن و ژمارەی دانیشتووانیان زیاتر لە 26 هەزار و 300 کەسە، کێشەی کەمیی کارەبا بووەتە گلەیی سەرەکیی هاووڵاتییان. بە گوتەی خۆیان، رۆژانە تەنیا دوو بۆ پێنج کاژێر کارەبای نیشتمانییان پێدەدرێت، ئەمەش نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەیان هەبووە، بەڵکو بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەش.
 
لەسەر رێگەی گوندی گردە سۆر، رەنجدەر شەمسەدین، کە خاوەنی پڕۆژەی حەوزی ماسییە، باس لەوە دەکات کە چۆن ناچارە بۆ بەردەوامبوونی کارەکەی پشت بە موەلیدە ببەستێت. ئەو دەڵێت: "رۆژانە سێ بۆ پێنج کاژێر کارەبامان هەیە، ئەویش بەردەوام نییە. سێ بەرمیل گازم بە 400 هەزار دینار کڕیوە کە تەنیا بەشی یەک هەفتە دەکات، ئەمەش تەنیا بۆ کارپێکردنی موەلیدەی پڕۆژەکەمە."
 
بەپێی ئەو خشتەیەی کە دیاریکراوە، دەبێت گوندەکان لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆوە بۆ 16:00ـی ئێوارە و لە 07:00ـی ئێوارەوە بۆ 01:00ـی شەو کارەبایان هەبێت، بەڵام لە کردەوەدا ماوەی پێدانی کارەبا زۆر کەمترە.
 
وزەی خۆر فریادڕەسی گوندنشینان
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە لە چلەی هاویندا دەگاتە نزیکەی 50 پلەی سیلیزی، دانیشتووانی گوندەکان پەنایان بۆ وزەی خۆر بردووە. ئەوانەی توانای مادییان باشە، سیستمی وزەی خۆر بە پاترییەوە دادەنێن بۆ ئەوەی شەو و رۆژ کارەبایان هەبێت، بەڵام بەشێکی دیکەیان کە توانای کڕینی پاترییان نییە، تەنیا پانێڵەکان دادەنێن بۆ دابینکردنی کارەبای رۆژانەیان.
 
لە گوندی ئیلینجاغ کە لە شەوی وێنەگرتنی ئەم راپۆرتەدا کارەبا کاژێر 09:00ی شەو هات و 01:00ی شەو بڕا، دانیشتووان باس لە سەختیی ژیانیان دەکەن. یوسف قادر، دانیشتووی گوندەکە دەڵێت: "پلەی گەرما نزیکەی 48 بۆ 49 پلەیە. کەسە بەساڵاچووەکان تووشی هەناسەتەنگی دەبن، چونکە بەرگەی ئەم گەرمایە ناگیرێت. هەرچەندە پانێڵی وزەی خۆریشمان هەیە، بەڵام ئەگەر پاتری پێویستی لەگەڵ نەبێت، سوودێکی ئەوتۆی نییە."
 
کێشەی ئاویش گرفتێکی دیکەی سەرەکییە. رابیعە سولەیمان، دانیشتوویەکی دیکەی ئیلینجاغ، دەڵێت: "ئەگەر کارەبا نەبێت، ئاومان نییە، چونکە ئاوی دیکە نییە و تەنیا پشتیان بە بیری ئیرتیوازی بەستووە کە ئەویش بە کارەبا کار دەکات." ئیسماعیل خالیدیش ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە ماڵەکان ناچارن بە تانکەر و دەبەی تایبەت ئاو بۆ ماڵەکانیان بهێنن.
 
ئێستا خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی شەش هەزار مێگاوات، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنان تەنیا نزیکەی چوار هەزار و 300 مێگاواتە.