پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: لە بابەتی پێگەی کورد لە سووریا رێککەوتن نەکرێت، پرۆسەی چارەسەری تێکدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئازادیش نەکرێت، پرۆسەی چارەسەری سەرکەوتوو دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر لە بابەتی پێگەی کورد لە سووریا رێککەوتن نەکرێت، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا تێکدەچێت.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە بازنەی کۆجائەلی، رۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری قسەی کرد.
گەرگەرلیئۆغڵو گوتی، ئەگەرچی "ئەگەر لەگەڵ دەسەڵات دابنیشین و گفتوگۆ بکەین، پێموایە دەتوانین بەسەر ئەم بێ متمانەییەدا زاڵ ببین. ئەگەر پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین، دەتوانین هەندێک هەنگاو بنێین."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی باسی لەوە کرد، ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ئازادیش نەکرێت، پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت. گوتیشی، "هەر خۆی ئۆجەلان نەیگوتووە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت من ئازاد بکرێم؛ بەڵام دەکرێت دۆخی ئەو لە ئیمراڵی باشتر بکرێت."
گەرگەرلیئۆغڵو لەبارەی کاریگەریی پێشهاتەکانی سووریا لەسەر پرۆسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر لە بابەتی پێگەی کورد لە سووریا رێککەوتن نەکرێت، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا تێکدەچێت.
ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەند دەیەیەی پەکەکە و ئەو وڵاتە دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.