وردەکاریی خنکانی چوار گەنج لە رووباری خازر؛ "هەوڵی رزگارکردنی یەکدییان داوە"
رووداو دیجیتاڵ
ئەفسەرێکی بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش دەڵێت، ئەو چوار گەنجەی لە رووباری خازر خنکان، "هەوڵی رزگارکردنی یەکدییان داوە، بەڵام هیچ کامیان شارەزای مەلەکردن نەبوون." شایەتحاڵێکیش دەڵێت، قووڵایی شوێنی رووداوەکە زیاتر لە سێ مەترە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-08-2025، چوار گەنج لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری خازر لە سنووری قەزای بەردەڕەش خنکان. عەقید عاسم حازم، ئەفسەری بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش لە شوێنی رووداوەکە بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر چوار هاونیشتمانییەکە خەڵکی بەردەڕەشی بچووکن لە قەزاکە.
بە گوتەی عەقید عاسم حازم، لەکاتێکدا 7 گەنج بۆ خواردنی نانی بەیانی چووبوونە لێواری رووباری خازر لە گوندی کانیلانی سنووری بەردەڕەش، "سەرەتا یەکێکیان بۆ خۆفێنککردنەوە چووەتە نێو ئاوەوە و بەهۆی شارەزانەبوونی لە مەلەکردندا، خنکاوە. دواتر ژمارەیەک لە گەنجەکان دوابەدوای یەکدیدا بۆ رزگارکردنی کەسانی پێش خۆیان چوونەتە نێو رووبارەکە، بەو هۆیەوە سێ کەسی دیکە خنکاون."
وەکو ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش گوتی، دوو لە خنکاوەکان بران و دووانەکەی دیکە ئامۆزان، "تەنیا کەسێک لەوانەی کەوتووەتە نێو رووبارەکە بەناوی ئاراس کەمال محەممەد، بە زیندوویی دەرهێندراوەتەوە و سەلامەتە."
تەرمی هەر چوار خنکاوەکە کە تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 22 ساڵە، بۆ دادپزیشکیی دهۆک گوێزراونەتەوە. عەقید عاسم حازم گوتی، ئەم ساڵ 6 کەس لە رووباری خازردا خنکاون.
دەگوترێت هیچ هۆشداری و رێنوێنییەکی قەدەخەکردنی مەلەکردن لە شوێنی رووداوەکە نییە. ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانیی بەردەڕەش دەڵێت، "ساڵانە لە هەموو شوێنە مەترسیدارەکان رێنوێنیی قەدەخەی مەلەکردن هەڵدەواسین، بەڵام دوای ماوەیەک تابلۆکان لە شوێنی خۆیان نامێنن."
عەقید عاسم حازم هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان و دانیشتووانی دەوروبەری شوێنەکە و دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک" مەلەی تێدا نەکەن و مەترسیدارە.
ئەو چوار کەسەی لە رووباری خازردا خنکان، ئوسامە محەممەد عەزیز، لەدایکبووی 2003؛ مەحموود جەمال عەبدولواحید، لەدایکبووی 2004؛ بیلال کەمال مستەفا، لەدایکبووی 2007 و محەممەد کەمال مستەفا، لەدایکبووی 2008 بوون.
هاوکات عومەر، یەکێک لە دراوسێ و ناسیاوانی گەنجە خنکاوەکان لە بەردەم دادپزیشکیی دهۆک بە نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 05:30 خولەکی بەیانی، تەنیا بۆ خواردنی نانی بەیانی چوونە سەر رووبارەکە و دوێنێ شەو لەوێ نەماونەتەوە."
ئەحمەد، یەکێک لەو کەسانە بوو کە تەرمی دوو لە خنکاوەکانی دەرهێناوەتەوە و بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداوی گوت، ئەو گەنجانەی هاتبوونە سەر رووبارەکە، چواریان برا بوون و دووانیان خنکان."
ئەحمەد گوتی، "کاتێک گەیشتەمە شوێنی رووداوەکە، تەرمی دووانیان دەرهێنرابووەوە. ئێمەش دوو تەرمەکەی دیکەمان دەرهێنایەوە کە هەر چواریان گەنج بوون."
بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە، ئەو شوێنەی چوار گەنجەکەی تێدا خنکان، زیاتر لە سێ مەتر قووڵە.
رووباری خازر بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر بە سنووری قەزاکانی شێخان و بەردەڕەش دا دەڕوات و رۆژانە خەڵک بۆ سەیران و مەلەکردن دەچنە لێواری رووبارەکە.