وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: نزیکەی 18 هەزار کەس فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان پڕکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 18 هەزار کەس فۆرمی وەرگرتنی شوقەی بێ پێشەکییان پڕکردووەتەوە. لە سەنتەری پارێزگاکاندا لە هەولێر زۆرترین فۆرم پڕکراوەتەوە کە زیاتر لە 7 هەزار هاونیشتمانی بوون، پاشان لە سلێمانی زیاتر لە شەش هەزار هاونیشتمانی. لە ئیدارە سەربەخۆکانیش زۆرترین داواکاری لە گەرمیان بووە پاشان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. کەمترین داواکاریش لە هەرێمی کوردستان لە هەڵەبجە بووە و تەنیا 190 کەس فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە.
رۆژی 4ـی ئەیلوولی 2023، مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ 17 هەزار و 963 هاونیشتمانی بە دروستی فۆرمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە".
لەو ژمارە هاونیشتمانییانەی فۆرمی وەرگرتنی شوقەیان پڕکردووەتەوە زۆرینەیان لە هەولێر بوون کە 7 هەزار و 536 داواکاری بووە؛ لە سلێمانی 6 هەزار و 326 فۆرم پڕکراوەتەوە؛ لە دهۆک 2 هەزار و 47 فۆرم و لە هەڵەبجە 190 فۆرم پڕکراونەتەوە.
لە ئیدارە سەربەخۆکانیش زۆرترین داواکاری بۆ وەگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیدارەی گەرمیان بووە کە 825 فۆرم پڕکراوەتەوە؛ پاشان لە سۆران 459 فۆرم؛ زاخۆ 385 فۆرم و لە راپەڕینیش 195 فۆرمی داواکردنی شوقە بەبێ پێشەکی پڕکراونەتەوە.
8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە".
هەمان رۆژ، توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکەکان 9 هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە)ن و بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و بەرەو خوارتر تەواوبووە، تاوەکو دەگاتە 13%.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی، نرخ جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە، بەڵام هیچیان پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت؛ بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، پڕکردنەوەی فۆرمەکە تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.