داواکاری گشتیی کرماشان داوا دەکات پەلە بکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی شارەوانی
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی کرماشان هۆشداری دەداتە ئەنجوومەنی شارەکە و دەڵێت، پێویستە بە زووترین کات سەرۆکی شارەوانی و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شار هەڵبژێردرێن.
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەکە، قایمقام و نوێنەری هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە، رەخنەی لە دواخستنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکێکی نوێی شارەوانی بۆ شاری کرماشان گرت و رایگەیاند، "هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی و سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانیی شارەکە زۆر گرنگە و پێویستە بۆ ئەم مەبەستە بەپەلە رێوشوێن بگیرێتەبەر."
بە گوتەی داواکاری گشتیی کرماشان، هەڵبژاردنی دروست لەم بوارەدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی شارەکە.
حەمیدڕەزا کەریمی دەڵێت، پێویستە هەوڵ بدرێت بە هاوکاری و هاوئاهەنگی زیاتری نێوان داو و دەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئاسانکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی و دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بکرێت و بە زووترین کات پرۆسەکە بەڕێوەبچێت.
داواکاری گشتیی کرماشان باس لەوەش دەکات دۆخی خزمەتگوازییە گشتییەکان لە شارەکە باش نییە و دەڵێت، "کەڵەکەبوونی زبڵ و پاشماوەی بیناسازی و قیرکردنی نەشیاوی شەقامەکانی کرماشان شایەنی خەڵکی ئەم شارە نییە و کەمتەرخەمی ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لە ئاست هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی شارەوانیدا کێشەکانی زیاتر کردووە."
21ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، نادر نۆروزی، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی کرماشان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و لە کۆبوونەوەی 27ی تەمموزی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی شاری کرماشان رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی و لە هەمان کۆبوونەوەدا حەمید ئیعتسامفەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە شێوەیەکی کاتی وەکو سەرپەرشتیاری شارەوانیی شارەکە هەڵبژێردرایەوە.
نادر نۆروزی، پاییزی ساڵی 2021 وەکو سەرۆکی شارەوانیی کرماشان هەڵبژێردرابوو.
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، ئەنجوومەنی شاری کرماشان چەندین جار هەوڵیداوە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن بکرێت و سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانی هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەکان بەشدار نابن، رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە تەواو نەبووە.
ئەنجوومەنی شاری کرماشان لە 11 ئەندامی سەرەکی پێکدێت و بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی، پێویستە لانیکەم حەوت ئەندام لە کۆبوونەوە ئامادە بن.