ئاسایش: ئەوانەی تەقەیان لە رۆژنامەنووس هێمن مامەند کرد، دەستگیرکران


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایدەگەیێنێت، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد، توانیویانە ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە تەقەیان لە رۆژنامەڤان هێمن مامەند کردووە. 
 
بەپێی ئاسایش، دوو کەس هەستاون بە کارەکە کە دانیشتووی بنەسڵاوەی هەولێر بوون و ناویان ( ش، ر، م، س ) و ( س، هـ، ر، م)ـە. 
 
ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو تۆمەتباری دیکە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە بەرەو پارێزگای هەولێر هەڵاتوون. مەبەستی کارەکەش "بەرنامە داڕێژراوبووە بۆ تاوانێکی رێکخراو و مەبەستیان تیرۆرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس (هێمن مامەند) بووە."
 
شەوی 2ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە گەڕەکی عەقاریی سلێمانی تەقە لە هێمن مامەند کرا و بریندارکرا. ئەوانەی تەقەیان لێکرد، لەسەر ماتۆڕسوار بوون. 
 
تەقەکەر و کەسەکانی دیکە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو. 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاندووە، لە داهاتوودا وردەکاریی پیلانەکە و زانیاری لەسەر بکەرانی ئەو "هەوڵی تیرۆرکردنە" بۆ رای گشتی دەخەنەڕوو.