هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان لە ئێران بەلەم لێیدەدات و گیان لەدەستدەدات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرێکی پێشووی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە نێو ئاودا بەلەمێک لێی دەدات و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، کارزان جیهان، فەرمانبەر لە نووسینگەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەد حوسێن، بەڕێوەبەری پێشووی ئەندازەی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کە بۆ گەشتکردن لەگەڵ خێزانەکەی چووبوونە شیمال لە ئێران، لەوێ گیانی لەدەستداوە".
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی، کارزان جیهان گوتی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چووەتە نێو ئاو و لەوێ بەلەمێک خۆی پیادا کێشاوە و راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە".
بە گوتەی ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی کشتوکاڵ، محەممەد حوسێن، بەڕێوەبەری پێشووی ئەندازەی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ بووە، نزیکەی 45 بۆ 50 ساڵ خزمەتی هەبووە و ماوەی ساڵێک بوو خانەنشین کرابوو".