بافڵ تاڵەبانی لە یادی مەولوود: هیوادارم هاندەر بێت بۆ بەهێزتربوونی گیانی برایەتی

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پیرۆزبایی لە موسوڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات.
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیوادارە ئەم یادە "ببێتە مایەی بووژاندنەوەی زیاتری بەها بەرزەکانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام و هاندەربێت بۆ بەهێزترکردنی گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان هەموواندا تاوەکو پێکەوە کاربکەین لەپێناو سەقامگیری و پێشخستنی وڵاتەکەمان و زیاتر خزمەتکردنی گەلەکەمان."
 
بەپێی رۆژژمێری کۆچی، 12ـی رەبیعی ئەوەلی هەموو ساڵێک بەبڕوای بەشێکی زۆر لە زانایان ئەو رۆژەیە کە پێغەمبەری ئیسلام تێیدا لەدایکبووە، بۆیە ئەو رۆژە لەلای موسڵمانان رۆژێکی پیرۆزە و لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بە شێوازی جیاواز یادی دەکرێتەوە.
 
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەبارەی کاروچالاکییەکانییان لەم مانگەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ناوەندی شار ئاهەنگێکی گەورە ساز دەکرێت و چەندین سروودبێژی بەنێوبانگ بەشدار دەبن." گوتیشی: "سەرجەم مزگەوتەکانی شاری هەولێر رازێندراونەتەوە و خواردن و شیرینی بێبەرامبەر دابەش دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتەکەیان بە درێژایی ئەم مانگە 30 رۆژ چالاکییان لە هەموو کوردستان دەبێت.