یەکێتیی زانایان: لە ئاهەنگەکانی مەولوود دا رێگەپێدراو نییە ژن و پیاو تێکەڵاو بن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ). گوتەبێژی یەکێتیی زانایان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکان و ئاهەنگەکانی مەولووددا، دروست نییە پیاوان و ژنان تێکەڵاو بن."
رۆژی پێنجشەممە 04ـی ئەیلوولی 2025، د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەی ئەو هەموو خەڵکە لە فێستیڤاڵی ئەمڕۆی هەولێر بە مانای گەرموگوڕیی هاووڵاتییان و خۆشەویستییانە بۆ ئەم یادە؛ بەڵام وا باشتر بوو کە شوێنی ئافرەتان و پیاوان جیا بکرێتەوە و تێکەڵاو نەبن، تاوەکو هیچ رەفتارێکی نەشیاو و دوور لە داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردی روونەدات."
بە گوتەی د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، "لە کۆبوونەوە و ئاهەنگی مەولوود دا، دروست نییە ئافرەتان و پیاوان لە یەک شوێن بن. سەرەڕای ئەوەش، رێنمایی تەواومان داوەتە هەموو هاووڵاتییان؛ کە لە هەر کوێیەک مەراسیمی مەولوود بەڕێوەبچێت، پێویستە رێنماییە ئایینییەکان پێشینەی هەموو بابەتێک بن و هیچ بێڕێزییەک و رەفتارێکی نەشیاوی تێدا روونەدات."
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو رێکارێکی پێویست لەلایەن ئەوان و وەزارەتی ئەوقافەوە گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی فێستیڤاڵەکەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر بێ کێشە و بە باشی بەڕێوەبچێت.
پارێزگای هەولێر بە پایتەختی مەولوود دەناسرێت؛ لە ناوەندی شار ئاهەنگێکی گەورە ساز کراوە و چەندین سروودبێژی بەنێوبانگ بەشدارن، سەرجەم مزگەوتەکانی شاری هەولێر رازێندراونەتەوە و خواردن و شیرینیی بێبەرامبەر دابەش دەکرێت.
پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ناوی محەممەد کوڕی عەبدوڵڵای کوڕی عەبدولموتەڵیبە، رۆژی 22-04-571ـی زایینی، کە دەکاتە 12ـی رەبیعی یەکەمی ساڵی کۆچی، لەدایکبووە. زیاتر لە 800 ساڵە لە هەولێر یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکرێتەوە.