هاتووچۆی هەولێر: ئەوەی شەوانە لە شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری روودەدات کارەساتە
رووداو رادیۆ
شەوانە گەنجان لە شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێر بە ئۆتۆمبێلەکانیان پێشبڕکێ دەکەن و بەشێکی دیمەنی ئەو شەقامانەیان شێواندووە. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، ئەوەی شەوانە لەو شەقامانە روودەدات کارەساتە و پێویستە سزای قورس بدرێن.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی شەوانە لە شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری روودەدات کارەساتە. پێویستە بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە بە زووترین کات یاسایەکی زۆر تووند دەربکرێت."
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری بەهۆی ئەوەی شەقامی خێران و خێرایی رێگەپێدراو تێیاندا 110 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، زۆر جار شۆفێران ئەوە دەقۆزنەوە و تیژ دەڕۆن و کارەسات دەخەنەوە. ئەو پێیوایە بەشێکی زۆری رووداوەکانی هاتووچۆ بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوەن نەک پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکانەوە.
لەبارەی دانانی کامێراوە لەو شەقامانە فازڵ حاجی گوتی: "لە شەقامی 120 مەتریدا ئەو شوێنانەی ئەگەریان هەیە تیژڕۆییان تێدا بکرێت کامێرامان داناوە، بەڵام لە شەقامی 150 مەتری کامێرامان دانەناوە. لە 120 مەتری بە دوو جۆر دایدەنێین کە جێگیر و جووڵاون. لە پلانماندایە هەموو شەقامی 120 مەتری بە کامیرای فۆتۆ و ڤیدیۆ چاودێری بکرێت و بە ژوورێکی کۆنترۆڵەوە ببەسترێتەوە."
لەبارەی پێشبڕکێی شەوانەی گەنجانەوە لەسەر شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر باسی لەوە کرد کە ئەوە پێویستی بە گۆڕینی بیرکردنەوە و مێشکی ئەو گەنجانەیە و گوتی: "کەسێک کە مەرگ هەڵبژێرێت لە سزای ماددییش ناترسێت. بە داخەوە گەنجی ئێمە نازانێت کەی و چۆن و لە کوێ پێشبڕکێ بکات. جاری واهەیە کەس نییە پێشبڕکێی لەگەڵ بکات، لەگەڵ خۆیدا پێشبڕکێ دەکات. ئەمە کارەساتە و پێویستە سزاکەیان ئەوەندە قورس بکرێت کە بگاتە ئاستی لێسەندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە."
رۆژانی دەوامی فەرمی بەشێک لەو رێگایانەی دێنە ناو هەولێر قەرباڵخییەکی زۆریان لەسەر دروست دەبێت کە دەبێت هۆی خاوبوونەوەی هاتووچۆ و دواکەوتنی هاووڵاتییان.
فازڵ حاجی گوتی: "رێگاکانی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوە لە شار لە کاتی دەوامدا بایی ئەوە قەرەباڵخییان لەسەر دروست دەبێت کە هەندێک جار رووداوی هاتووچۆیشیان لێ دەکەوێتەوە و وادەکات رێگەکە دابخرێت تاوەکو ئۆتۆمبێلەکان لادەبرێن. لە بەشی باکووری هەولێرەوە کە خەڵک دێن بۆ دەوام، جەنجاڵییەکی زۆر لەسەر ئەو شەقامانە دروست دەبێت کە رێگەکان ناتوانن ئەو گوشارە زۆرە هەڵبگرن."
یەکێک لەو رێگە سەرەکییانەی دێتە هەولێر رێگەی پیرمامە کە قەرەباڵخییەکی زۆری لەسەرە بە تایبەتی بەیانیان و ئێواران و جموجووڵ زۆر تێیدا خاو دەبێتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر گوتی: "یوتێرنەکەی رێگەی مەسیف لای زین سیتی و شاوێس سەرچاوەی قەرەباڵخییە و ماوەیەک پێش ئێستا وەک تاقیکردنەوە رۆژێک دامانخست بۆ ئەوەی کەسانێک کە لە شاوێس دەردەچن بچنە سەر شەقا 150 مەتری و لەوێوە بۆ ناوشار بگەڕێنەوە. بەهۆی ئەوەی دوورییەکەی زۆرە و دەبێت هاووڵاتییان شەش-حەوت کیلۆمەتر بڕۆن و بگەڕێنەوە، لە جیاتی ئەوەی یوتێرنەکە دابخرێت، شوێنگرەوە ئەوەیە کە ئۆڤەرپاسێک دروست بکرێت و یوتێرنەکە بەرزبکرێتەوە و لەسەر زەوی نەبێت. ئەوەیش بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام جێبەجێکردنی ماوە."
فازڵ حاجی جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر لە رێگەی هەولێر - پیرمام هەزار کارمەندی هاتووچۆیش دابنێن، ناکاتە ئەوەی دوو ئۆڤەرپاس دروست بکرێت کە یارمەتیدەر بێت بۆ پێچکردنەوە بەبێ ئەوەی قەرەباڵخی لەسەر رێگەکە دروست ببێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە ناوەندی پارێزگای هەولێردا 943 هەزار و 32 ئۆتۆمبێل هەن.