لە سێمێل بەهۆی 'سووکایەتیکردن بە ئایینی ئێزدی' سکاڵا لەسەر کەسێک تۆماردەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادوەری داواکاری گشتیی سێمێل لەسەر داوای بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ئایینی ئێزدی"، سکاڵای لەسەر کەسێک تۆمار کرد.
سعود مستۆ، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی "سووکایەتیکردن بە ئایینی ئێزدی"، داوایان لە داواکاری گشتیی سێمێل کرد کە سکاڵا لەسەر کەسێک بەناوی (ع. ع) تۆماربکرێت، بۆیە داواکەیان قبووڵکرا و سکاڵای لەسەر تۆمار کرا.
دادوەر حەکیم عەبدولواحد، دادوەری داواکاری گشتیی سێمێل لە فەیسبووکی خۆی وێنەی نووسراوێکی بڵاوکردووتەوە کە ئاراستەی دادگەی لێکوڵینەوەی سێمێلی کردووە بۆ دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە ئایینی ئێزدی".
لە نووسراوەکەدا داواکراوە بەپێی یاسای ژمارە شەشی ساڵی 2008 ئەو کەسە دەستگیربکرێت، چونکە چەند پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و "سووکایەتی بە ئایینی ئێزدی" کردووە.
رۆژانی رابردوو بەھۆی شرۆڤەکردنی دەقێکی ئایینی ئێزدی لە لایەن کەسێک بەناوی (ع. ع)، ناڕەزایەتیی لای پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لێکەوتەوە و بەپێی قسەی ئەوان، بەھەڵە لێکدانەوەی بۆ دەقەکان کردووە و "سووکایەتی بە پیرۆزیەکانیان" کردووە.