پارتی بۆ یەکێتی: ھیوادارین ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەکەتان خاڵی وەچەرخان بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان


رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆکی یەکێتی و سەرکردایەتیی نوێی حیزبەکە دەکات و دەڵێت، "ھیوادارین ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەکەتان خاڵی وەچەرخان بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان."
 
رۆژی 27-09-2023، کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی پەیڕەوی نێوخۆ، کاتەکانی درێژکرایەوە و کۆنگرە پێنج رۆژی خایاند.
 
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی دا کە بە درووشمی "نوێگەری لە کاردا، کۆدەنگی لە بڕیاردا" بەڕێوەچوو، لە رۆژی پێنجەمی کۆنگرەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا.
 
کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێنجەم رۆژیدا کۆتاییهات، پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسندکرا و ئەندامانی سەرکردایەتییش هەڵبژێردران کە ژمارەیان 60 کەسە.
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-10-2023، پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتیی ئەو حیزبە کرد و رایگەیاند، "بەبۆنەی کۆتاییھاتنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبتان و ھەڵبژاردنی بەڕێزتان بە سەرۆک و ھەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی، پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ھیوادارین ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەکەتان خاڵی وەچەرخان بێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان."