وەزارەتی پەروەردە: بە بڕیاری مەسرور بارزانی 6.6 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر ناوەندەکانی خوێندن دابەش دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەکانی خوێندن دابین دەکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-10-2023، بڵاویکردووەتەوە، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابینکردنی شەش ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەکانی خوێندن لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
 
دابەشکردنی نەوت لە سبەینێوە دەستپێدەکات، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "پێویستە سەرجەم لیژنەکانی وەرگرتن هەروەها ناوەندەکانی خوێندن دڵنیابن لە بوونی بەڵگەنامەی رێگەپێدانی سامانە سرووشتییەکان سەبارەت بە کوالێتیی نەوتی دابینکراو بۆیان. هیچ جۆرە نەوتێک وەرناگیرێت بێ بوونی بەڵگەنامەی شیاوێتیی سامانە سروشتییەکان."
 
رۆژی 13-09-2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بۆ ئەم ساڵی خوێندن یەک ملیۆن و 633 هەزار و 125 قوتابی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە زۆرترینیان لە هەولێرن.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 811 ناوەندی خوێندن هەن کە پێکهاتوون لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی، دواناوەندی، ئامادەیی، فێرکردنی خێرا، پیشەیی و کۆمەڵگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و دابەشبوونەکەش بەمجۆرەیە: لە پارێزگای هەولێر هەزار و 619 ناوەندی خوێندن؛ سلێمانی هەزار و 393؛ دهۆک هەزار و 465؛ هەڵەبجە 148؛ گەرمیان 388، خوێندنی کوردی کەرکووک 537؛ سۆران 647، راپەڕین 370؛ زاخۆ 206 و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت 38 دانە.