سنووری دوو گوندی ماوەت 'لە کەمتر لە کاژێرێکدا چوار جار' بۆردوومان کران

پێشەوا بەختیار و ئەبوبەکر ئیسماعیل
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی ماوەت رایگەیاند، سنووری هەردوو گوندی باساوێ و گەڵاڵی لەدوای کاژێر 07:00ی ئێوارەی ئەمڕۆوە چوار جار بۆردوومان کراون. هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیلیش دەڵێت، نزیک گوندی ئێندزە لە کەمتر لە کاژێرێکدا سێ جار بۆردوومان کراوە.

کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت بە رووداوی راگەیاند، لە کاژیر 07:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەدواوە چوار جار لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە سنووری گوندەکانی باساوێ و گەڵاڵی لە ماوەت بۆردوومان کراون. لەبارەی زیانی گیانی و مادییش گوتی، "هیچ زیانی گیانی و مادی بۆ خەڵکی سڤیل نەبووە، بەڵام لە گوندی باساوێ بۆردوومانەکە چەند سەد مەترێک لە ماڵەکانەوە دوور بووە."

هاوکات دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیک گوندی ئێندزە بۆردوومان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانەکان نەزانراون.

هاونیشتمانییەکی گوندەکەش بە رووداوی گوت، ئەمشەو لانیکەم سێ جار بۆردوومانی نزیک گوندەکە کراوە و ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی گوندەکە دروست بووە.