قایمقامی کەلار: نزیکەی 16 پڕۆژەمان بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون
رووداو دیجیتاڵ
قەزای کەلار کە دانیشتووانەکەی دەگاتە نزیکەی 300 هەزار کەس، بە یەکێک لەو شارانە دادەنرێت زەویی نیشتەجێبوون تێیدا نرخی بەرزە. قایمقامەکەی دەڵێت، جووڵەی بازرگانی و کاری هاونیشتمانییان لە شارەکەدا باشە و زەوییان فرۆشتووە 200 مەتر بە 200 هەزار دۆلار. دەشڵێت، هەشت هەزار یەکەی نیشتەجێوون لە تەواوبووندان و حەوت هەزار یەکەی دیکە دەست بە کارکردن تێیاندا کراوە.
قەزای کەلار ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە و یەکێکە لە قەزا گەورەکانی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023، شەهاب ئەحمەد، قایمقامی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەندێک پڕۆژەمان هەبوون کە بودجەکەیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دابین دەکرا و لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون. پڕۆژەکان نزیکەی 16 دانەن و دیارترینیان کە داواکاریی زۆریشی لەسەرە، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی کەلارە، کە 40%ـی تەواو کراوە و کاری تێدا ناکرێت".
قایمقامی کەلار ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک پڕۆژەیان تەواو کراون کە پێشتر کاریان تێدا راگیرابوو، ئەویش بە پارەی پەرەپێدانی پارێزگان. باسی لەوەشکرد، لە قەزاکە و ناحیەکانی دەوربەری پڕۆژە هەیە وەبەرهێنەر نیوەی کارەکانی تەواو کردووە و هیچ پارەیەکی بۆ خەرج نەکراوە؛ بۆیە کارەکانی راگرتووە، بەتایبەت پڕۆژەکانی قیرتاوکردن.
"هەشت هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە تەواوبووندان"
قایمقامی قەزای کەلار دەڵێت، "چەندین رێگەمان کردووە بە دووساید، یان خۆڵ بووە و قیرتاومان کردووە، تەکانێکی باش بە قیرتاوکردن دراوە لە کەلاردا، ئەویش بە پارەی 17%ـی داهاتی شارەوانی؛ پڕۆژەمان جیبەجێکردووە تێچووەکەی نزیکەی ملیارێک دینار بووە".
شەهاب ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، وێڕای قەیرانی دارایی و دابیننەکردنی بودجە بۆ قەزای کەلار، جووڵەی بازرگانی و کار لە شارەکەدا هەیە. گوتیشی، "ئێستا نزیکەی هەشت هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە تەواو بووندان بۆ رادەستکردنیان بە خاوەنەکانیان؛ زەوی دراوە بە وەبەرهێنەران بۆ دروستکردنی نزیکەی حەوت هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکە".
"زەویمان فرۆشتووە 200 مەتر بە 20 دەفتەر دۆلار"
قایمقامی کەلار ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانیان پشت دەبەستن بە فرۆشتنی زەویی نایاب و گوتی، "لیژنەیەکی تایبەت لە شارەوانیی کەلار هەیە کە خەمڵاندن بۆ زەوییەکان دەکەن، زەوییمان فرۆشتووە موڵکی شارەوانی بووە بەرامبەر نەخۆشخانەی گشتی 200 مەتر بە 20 دەفتەر [200 هەزار] دۆلار، زەوی دیکەش زۆر فرۆشراون".
شەهاب ئەحمەد گوتیشی، ئێستا ئەو زەوی و شوێنانەی شارەوانی ساڵانی رابردوو بە بەکرێدانی ساڵانە دابوویانن بە خەڵک، گرێبەستەکانیان نوێ دەکەنەوە بە زیاتر لە 50 هێندەی کرێ کۆنەکەی و شوێن هەبووە دراوە بە کرێی ساڵانەی 100 ملیۆن دینار، ئەوانەش بۆ دروستکردنی پڕۆژەکان سوودیان لێ بینراوە.
قەزای کەلار سێ ناحیەی لەسەرە؛ ناحیەکانی رزگاری، باوەنوور و شێخ تەویل. شەهاب ئەحمەد گوتی، ژمارەی دانیشتووانی سنوورەکە گەیشتووەتە 300 هەزار کەس. دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کە هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، لە سنووری قەزاکەدایە.