هێلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری لە لوڕستان کەوتەخوارەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای لوڕستان دەڵێ، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنی مانگی سوور لە شاخی ئەشتەرانی پارێزگاکە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
ئەمڕۆ شەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2025، مەهدی پازووکی، بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "کاژێر 5ی ئێوارەی رۆژی هەینی، هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنی مانگی سوور لە کاتی گەڕان بە دوای ژنە شاخەوانێکدا تووشی رووداوێک بوو و کەوتەخوارەوە."
 
مەهدی پازووکی گوتی، "9 کەس برینداربوون کە دوو کەسیان بەهۆی سەختی برینەکەیان گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون."
 
مەهدی پازووکی گوتیشی، "10تیمی فریاکەوتن لە شارەکانی ئەزنە، عەلیگودەرز و خوڕەمئاوا چوونە شاخی ئەشتەران، بەڵام تاریکی و سەختی رێگەکە گەڕانی تیمەکانی سەخت کرد."
 
مەهدی پازووکی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەیانی ئەمڕۆ هەموو بریندارەکان و تەرمی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستدابوو، بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە."
 
مەهدی پازووکی گوتی، "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە تێکچوونی هاوسەنگی هێلیکۆپتەرێکە بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی." ئاماژەی بەوەش کرد، "بریندارەکان لەژێر چاودێریدان."