سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان: بەربژێرێک 280 هەزار دۆلاری بۆ بانگەشە داناوە

رووداو دیجیتاڵ

عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان باس لە رۆڵی چاپخانەکان لە پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەکات و دەڵێ، بودجەی تەرخانکراو لەلایەن بەربژێرەکانەوە بۆ بانگەشە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو.
 
عومەر زۆرباش لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زۆرترین پارە کە لەلایەن بەربژێرێکەوە بۆ بانگەشە تەرخان کرابێت، 280 هەزار دۆلار بووە، لە کاتێکدا کەمترین پارەی تەرخانکراو 1800 دۆلار بووە. ئەمەش جیاوازییەکی زۆر گەورەی نێوان بەربژێرەکان دەردەخات لەڕووی توانای دارایی بانگەشەکردنەوە.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکان روونیکردەوە، نرخی فلێکس، کەرەستەی سەرەکیی تابلۆکانی بانگەشەیە، بە سێ قۆناخ گۆڕانی بەسەردا هاتووە. سەرەتا، نرخەکە هەرزان بوو بە شێوەیەک نرخی یەک مەتر چوارگۆشە بە دوو دۆلار بوو. دواتر کەمێک گران بوو و گەیشتە سێ دۆلار، بەڵام ئێستا نرخی هەر مەترێک بووەتە پێنج دۆلار.
 
عومەر زۆرباش هۆکاری ئەم گرانبوونەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو بڕە فلێکسەی بڕیاربوو بگاتە هەرێمی کوردستان، "لە بەسرە راستەوخۆ فرۆشراوە و گلدراوەتەوە."
 
عومەر زۆرباش جەختی لەسەر ئاستی پێشکەوتنی چاپخانەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، هەرێمی کوردستان "باشترین و پێشکەوتووترین چاپخانەکانی" لە ناوچەکەدا هەیە. بۆ نموونە، ئاماژەی بەوەدا چاپخانە هەیە توانای چاپکردنی تۆپێکی فلێکسی 150 مەتری بە کەمتر لە پێنج خولەک هەیە، لە کاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر هەمان کار دوو کاژێری دەخایاند.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکان گومانی خۆی دەربڕی لەوەی هێشتا رێگە دەدرێ کاری چاپکردن ببرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کوردستان توانای بەرهەمهێنانی هەموو پێداویستییەکانی ناوخۆی هەیە و نزیکە 6664 شوێنی چاپکردن هەیە.
 
عومەر زۆرباش داوایەکی راستەوخۆی ئاراستەی حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "داوا دەکەین چاپخانەکان بخەنە گەڕ، چونکە توانامان هەیە جگە لە بەربژێری خۆمان کاری بەربژێرەکانی دەوروبەریش بکەین؛ هەروەها داوا دەکەین بە نووسراوێک گشتاندن بکرێ بۆئەوەی هیچ بوارێکی چاپکردن تەڤلی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بۆئەوەی هەژارەکان سوود وەربگرن."