راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتی: پێش هەڵبژاردن کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، پێش هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان یەکێتی و پارتی دەکرێت، چونکە هێشتا وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکان ماون.
 
رۆژی شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، بێستوون فایەق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند: "بۆ پێکهێنانی حکومەت، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوان شاندی یەکێتی و پارتی و لە ئاستی باڵاش کراون، بێگومان پێش هەڵبژاردنی عێراق کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت، چونکە هێشتا وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکان و هەندێک رێکاری دیکە ماون، لە نێوان ئەو دوو هێزە سیاسییەدا".
 
دوێنێ هەینی، 03ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد. راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بانگەشەی حیزبەکەیان دەستی پێکردووە، "کاندیدەکانمان دەستیان بە گەڕان کردووە، مەڵبەند و ئۆرگان و بازنەکانیش دەستیان بە رێوشوێنە سەرەتاییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە لە چوارچێوەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن".
 
بە گوتەی بێستوون فایەق، سەرۆکی یەکێتی خۆی سەرپەرشتیی کەمپەینی حیزبەکە دەکات بۆ هەڵبژاردنی عێراق. گوتیشی: "هێشتا سەرەتایە، پلان و وردەکاریی زۆر ماون، بانگەشەی جەماوەریش لە هەموو شوێنەکانی کوردستان دەکرێت".
 
نزیکەی ساڵێکە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.
 
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەم و کاریگەریی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان و عێراق بەسەریانەوە، راوێژکارەکەی سەرۆکی یەکێتی گوتی: "هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستان دوو بابەتی جیاوازن، ئەویان لە ناوخۆی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە و راگەیێندراوە کێ چەندی هەیە، ئەوەی دیکەشیان هەڵبژاردنێکە لە عێراق، رێککەوتی هەڵبژاردن وایکرد هەردووکیان لەم کاتەدا بن، بەڵام ئەگەر پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، دەکرێت بکرێنە یەک پاکێج، ئەگەر پێش هەڵبژاردنیش حکومەت پێکبهێندرێت، ئەوا دوو بابەتی جیاواز دەبن".
 
بەرەبەیانیی رۆژی 22ـی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاژێر پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکانی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆلادی برای و دەیان کەس لە هێزەکەی دەستبەسەر کران.
 
راوێژکاری سەرۆکی یەکێتی لەبارەی کەیسەکەی لالەزار گوتی: "رێڕەوی یاسایی و ئەمنیی خۆی گرتووەتەبەر، ئەوانەی داواکراوبوون دەستگیرکراون، بابەتێکی یاسایی بوو، ئەوان هێزێکی سیاسیی خاوەنی درۆن، چەکی جۆراوجۆر، دۆشکە، تۆپ و چەکی زەبەلاح بوون، کە زیاتر لە پێنج کاژێر بە چەکی زۆر قورس رووبەڕووی هێزە فەرمییەکانی حکومەت بوونەتەوە، خەڵکی تێدا کوژراوە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستداوە، بۆیە ئێستا بابەتەکە تەواو یاساییە و لەدەست یاسادایە، دادوەر چارەنووسیان یەکلایی دەکاتەوە".