کشتوکاڵی دهۆک: ئەم ساڵ زیاتر لە 1350 تۆن برنج و سماقمان بۆ تورکیا هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار و 350 تۆن سماق و برنجیان هەناردەی تورکیا کردووە. راشیگەیاند زیاتر لە 209 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیش هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-10-2025، ئەحمەد جەمیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە بەشێکی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دهۆک لە دەرەوە ساخ دەکرێنەوە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی کاریگەریی وشکەساڵی و داخستنی دوو دەروازە لە پارێزگەکەمانەوە بۆ نەینەوا، هەناردەکردنی بەرهەم بەراورد بە پار کەمی کردووە، چونکە ئێستا تەنیا لە یەک دەروازەوە بەرهەم هەناردە دەکرێت."
پار تاوەکو ئەم کاتانە، 224 هەزار و 739 تۆن بەرهەم بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق نێردرابوو. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا، 45 هەزار و 944 تۆن پەتاتە، تەماتە، خەیار، هەنجیر، لۆبیا، پیاز و ترێ بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق نێردراوە، لە سەرەتای ئەم ساڵیشەوە 209 هەزار و 391 تۆن هەناردە کراوە."
جگە لە پارێزگاکانی عێراق، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دهۆک بۆ تورکیاش دەنێردرێن. لەوبارەیەوە ئەحمەد جەمیل گوتی: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 288 تۆن سماق، 71 تۆن برنج، هەزار و 250 کیلۆگرام فستقی تەڕ، 150 کیلۆگرام هەنجیری وشک و 250 کیلۆگرام مێوژ بۆ تورکیا هەناردە کراوە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، پار بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک گەیشتووەتە نزیکەی 625 هەزار تۆن و نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندرابوو، هەروەها زیاتر لە 39 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە دار مێو داچێنرابوو.