گۆنول دیلان بەهۆی ئاماژەکردن بە 'هەرێمی کوردستان' لە فیلمێک دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند و ئەکتەری کورد گۆنول دیلان رایگەیاند، بەهۆی کۆنسێرتێکەوە کە ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە و وەک شوێنی خۆی ئاماژەی پێکردووە، لە پڕۆژەی فیلمی 'ئاشق وەیسەل' دەرکراوە.
گۆنول دیلان ئەمەی بە "جیاکاری و نەژادپەرستی" وەسفکرد و گوتی: "من ئەمە رادەگەیێنم، چونکە ئەگەر بێدەنگ بم، ئەوا ئەم جیاکارییە دەکەمە شتێکی ئاسایی."
گۆنول دیلان لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام پۆستێکی کردوو و بابەتەکەی لەگەڵ رای گشتی هاوبەش کرد. دیلان ئاماژەی بەوەدا کە چەند مانگێک لەمەوبەر پێشنیازی بۆ کراوە بۆ رۆڵی ژنی یەکەمی گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورک ئاشق وەیسەل لە فیلمێکی سینەماییدا، ئەویش بە پەرۆشییەکی زۆرەوە ئەو پێشنیازەی قبووڵ کردووە.
هونەرمەندە کوردەکە رایگەیاند، بۆ پڕۆژەکە ئامادە بووە، سیناریۆی خوێندووەتەوە، بەشداری لە راگەیاندنەکەدا کردووە و چاوپێکەوتنیشی بۆ ناساندنی فیلمەکە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک، بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێتەوە، بانگهێشتی سێت ناکرێت و دواتر لە کەسانی دیکەوە دەبیستێت کە لە پڕۆژەکە دەرکراوە.
گۆنول دیلان سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی لە فیلمەکە گوتی: "ئەوەی کە فێربووم، دڵمی بە قووڵی بریندار کرد و حەپەساندمی. هۆکارەکەی ئەوە بوو کە من لە چالاکییەکی نێودەوڵەتی کە ساڵانی پێشوو بەشداریم تێدا کردبوو، لە هەژماری خۆم لە سۆشیال میدیا شوێنی بوونم، هەرێمی کوردستانی عێراق وەک شوێنێک هاوبەش کردووە."
"من ئەکتەرێکم، ژنم و کوردم"
گۆنول دیلان کاردانەوەی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: "بەڵێ، هێشتا لە تورکیای 2025، بە تەواوی لەو قۆناخەی کە باس لە ئاشتی و برایەتی دەکرێت، ئەکتەرێک بەهۆی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیەوە دەتوانرێت لە پڕۆژەیەکی هونەری دەربکرێت."
دیلان دەڵێت، هێشتا هیواکانمان بۆ ئاشتی، یەکسانی و برایەتی دەشکێنرێن. "من ئەکتەرێکم، ژنم و کوردم. بەڵام پێش هەموو شتێک من مرۆڤم. ئەم بارودۆخەی تێیدام، بە ئاشکرا جیاکاری و نەژادپەرستییە."
هونەرمەندە کوردەکە لە کۆتایی راگەیاندنەکەیدا سەرنجی خستە سەر رۆڵی هونەر و رایگەیاند: "ئەگەر بێدەنگ بم، ئەم جیاکارییە دەکەمە شتێکی ئاسایی. من بێدەنگ نابم. هونەر دەبێت هەمووان لەخۆ بگرێت. هونەر بۆ جیاکردنەوە نییە، بۆ یەکخستنە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەرکردنی من لەم پڕۆژەیە نەک تەنیا دژ بە من، بەڵکو دژ بە هەموو رەنگە جیاوازەکانی ئەم وڵاتەیە و نادادپەروەرییە."