دابەشکردنی ئاوی ماڵان لە قەڵادزێ رادەگیرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

دابەشکردنی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەس لە قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بە تەواوی راگیرا.

سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بەهۆی کێشەیەکەوە لەکارکەوتووە".
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین گوتی، پڕۆژەکە ئاوی نزیکەی 100 هەزار هاونیشتمانی سنوورەکە دابین دەکات.
 
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن و هەوڵدەدەن هەر ئەمڕۆ دابەشکردنی ئاو دەستپێبکاتەوە.
 
زێی بچووک سەرچاوەی سەرەکیی پڕۆژەی ئاوی خاسە لە قەڵادزێ.