لە ئامێدی پەکەکە سێ پێشمەرگە بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری ئامێدی هێرشیانکردە سەر پێشمەرگە و بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێش دەڵێ: سێ پێشمەرگە بریندارن.
ئەلەند ئەمیر، بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک گەریلای سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناحیەی چەمانکێ هێرشیانکردووەتە سەر پێشمەرگە و لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
بەڕێوەبەری ناحیەی چەمانکێی سەر بە قەزای ئامێدی رایگەیاند، ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە و تەقە راگیراوە.
ئەلەند ئەمیر ئاماژە بەوەش دەدات، کە سەرەتا بۆمبێک بە پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و دواتر شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی لەنێوان پەکەکە و پێشمەرگە روویداوە. "بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ کەسێک لە پێشمەرگە شەهید نەبووە و ئەوەی باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە."
ئەو هێرشەی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە کاتێکدایە، کە بە گوێرەی بەیاننامەیەکی ناوهندی راگهیاندن و چاپهمهنی هێزهكانی پاراستنی گهل- ههپهگه، بۆریی نەوتی کوردستان لە رۆژی چوارشهممه 28ی تشرینی یهكهمی 2020، لەلایەن گهریلاكانی پەکەکە تهقێندراوەتەوە.
میدیای پهكهكه راگهیێندراوهكهی ههپهگهی بڵاوكردوەتەوه و دەڵێت، كاژێر 13:00ی دوانیوهڕۆی رۆژی چوارشهممه 28ی تشرینی یهكهمی 2020، گهریلاكانی پهكهكه بۆری نهوتی كۆمپانیای "بۆتاش"یان له ناوچهی باگۆكی سهر به شاری مێردین له باكووری كوردستان تهقاندووهتهوه و وهك له راگهیێندراوهكهدا هاتووه، "لەو چالاکیەدا بۆری نەوتەکە بە تەواوەتی تێکچووە".
بهگوێرهی میدیاكانی توركیا، پێشتر پهكهكه له ساڵانی نێوان 2011 و 2012 دووجار بۆڕی نهوتی ناوچهی شاخاویی باگۆكی كه دهكهوێته نێوان ههردوو شارۆچكهی میدیات و نوسێبین له شاری مێردین تهقاندووهتهوه و بۆرییهكهش هێڵی نهوتی كهركووك بووه. بهڵام ئێستا هیچ زانیارییهك بڵاونهكراوهتهوه کە ئایا ئەوەی ئێستا کراوەتە ئامانج ههمان بۆری نهوتی كهركووكە یان هێڵێكی دیكهی بۆری نهوته.
رۆژی دووشەممە 2-11-2020 سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان کرد و رایگەیاند: "مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە."
لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی رووی قسەی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کردووە و رایدەگەیێنێت "دوای هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان روویانكردە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵکران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزموونیی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی دیکەشیان داگیرکرد و خۆیان وەک جێگرەوەی حکومەت سەپاند و رێگرییان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن."
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو رەفتارانەی پەکەکە "جێگەی قبووڵکردن نین"، دەشڵێت: هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیاردەکەوێت نەک بە قسە و گوتار.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بە بیری سەرکردایەتیی پەکەکەی دەهێنێتەوە کاتێک ئەوان لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکییەکانییان بوون، "ئێمە هەموو جۆرە هاوکارییەکمان کردن. ئەوان بە پێچەوانەوە هەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قۆناخدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا هەموو لایەک زەرەرمەند بووین."
سەرۆک بارزانی پێیباشە لەم کاتەدا هەموو لایەک رێز لە دەسەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێمی کوردستان بگرن و ئەو ناوچانە چۆڵبکرێن کە "لە رێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیركراون و بوونەتە جێگەی مەترسی بو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."