لە ئیدارەی راپەڕین هێشا مۆزەخانە نەکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێشتا ئیدارەی راپەڕین مۆزەخانەی نییە بۆیە ئەو پارچە شوێنەوارییانەی دەدۆزرێنەوە لە شوێنێک هەڵدەگیرێن و پاش ماوەیەک کە رێژەکەیان بەرزدەبێتەوە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری سلێمانی دەکرێن.
لە ئیدارەی راپەڕین زیاتر لە 350 ناوچەی شوێنەواری هەن. وەزارەتی شارەوانیی پلانی هەیە بۆ دروستکردنی مۆزەخانە و داوایان لە حکومەت کردووە تاوەکو بودجەی تایبەت بۆ دروستکردنی مۆزەخانەکە تەرخانبکات.
بەشێک لەو پارچە شوێنەوارییانەی سنووری ئیدارەی راپەڕین مێژووەکەیان بۆ 4 چوار سەدە لەمەوبەر دەگەرێتەوە، ئەو پارچە شوێنەواریانەن کە ماسیگر و بەلەمەوانەکانی نێو دەریاچەی دووکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی دەریاچەکەوە دۆزیویناتەوە و هێناویانە بۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری راپەڕین ئەوانیش جێگەیەکیان نیە بیپارێزن و نیشانی سەردانیکەرانی بدەن.
بەرزان بایز، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند "ئەو شێوازە هەڵگرتنە زانستی نییە، کۆیان دەکەینەوە تا ئەوکاتەی زۆر دەبن، زۆرترین پارچە کە کۆیان بکەینەوە 100 پارچە بووە."
پارچە شوێنەوارییەکانی ئیدارەی راپەراین دوای تۆمارکردن و کۆکردنەوەیان لەڕێگەی لیژنەیەکی سێ کەسییەوە بۆ پاراستن و مانەوەیان دەنێردرێنە مۆزەخانەی سلێمانی، ئەوانیش لە گەنجینەی مۆزەخانەکە هەڵیدەگرن تاوەکو ئەو کاتەی مۆزەخانەیەک بۆ سنووری ئیدارەکە دروستدەکرێت.
هاشم حەمە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند "هەرکات مۆزەخانە لە قەرەداخ لە چەمچەماڵ راپەڕین کرایەوە ئەو پارچانەی کە لامانن بۆیان دەپارێزین و ئەوەی ئەوان کرایەوە بۆیان دەنێرینەوە و پارچەی دیکەیان دەدەین
و هاوکاریان دەبین."
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری راپەڕین 350 ناوچەی شوێنەواری هەن، بەپێی گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانیان هەیە بۆ دروستکردنی مۆزەخانە هێندە ئاسان نییە، چونکە تایبەتمەندی خۆی و هەیە و ئەوانی بوجەی پێویستیان لەبەردەست نییە.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار دەڵێت "پلانی خۆمان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی مۆزەخانە بکرێتەوە، بەڵام کولفەی زۆرە و دەزانین چەندی تێدەچێت، بەڵام تەنیا راپەڕین نییە چەند جێگەیەکی دیکەیشمان هەیە هەمان کێشەیان هەیە."
لە هەرێمی کوردستان جگە لە مۆزەخانە تایبەتییەکان تەنیا 4 مۆزەخانەی شارستانی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک گەرمینان هەن و هیچ مۆزەخانەیەکی نیشتمانیش نییە، بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا تەنیا لە 40% روپێویی شوێنەواریان کردووە، ژمارەی ناوچە شوێنەواریەکان زۆر زیادیان كردووە، بەجۆرێك كۆی ئەو ناوچە شوێنەوارانەی لە هەردوو قۆناخی پێش راپەڕین و دوای راپەڕین دۆزراونەتەوە و لەلای ئەوان ژمارەیان، دەگاتە پێنج هەزار و 300 ناوچەی شوێنەواری.