لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی پارتی: ئەمڕۆ کۆنگرەی 14 کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی 14ی پارتی رایگەیاند، بەر لە دەستپێکی دانیشتنی ئەم ئێوارەیەی کۆنگرە، مەدالیای بارزانی نەمر دەبەخشرێتە 76 تێکۆشەری دێرینی پارتی و دەشڵێت: "هەر ئەمڕۆ کۆنگرە کۆتایی بە کاروبارەکانی دەهێنێت".
رۆژی هەینی 04-11-2022 عومەر بەکر، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی 14ی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک رایگەیاند: "لە سەرەتای مانگی حەوتەوە دەستمان کرد بە ئامادەکارییەکانی کۆنگرە، لەڕووی باڵەخانە و پێداویستییەکانی کۆنگرە و راگەیاندن و خزمەتگوزاریی هۆتێل و شوێنی مانەوەی ئەندامانی کۆنگرە هەموو کارەکانمان تەواوکرد، دوێنێ بەرنامەکانی یەکەم رۆژی کۆنگرەمان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و ئەمڕۆش دانیشتنی یەکەممان تەواوبووە و سەرجەم کاروبارەکان سەرکەوتووبوون".
عومەر بەکر گوتی: "تائێستا پەیڕەو و پرۆگرامی نوێ پەسندکراوە و گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی گشتی کراوە، هاوکات لیژنەیەکی تایبەتمان هەبوو بۆ پێشنیاز و سکاڵا، ئەویش کارەکانی بەباشی بەڕێوەبردووە، ئێستا دانیشتنێکی دیکە ماوە کە دوای کاژێر 14:30 دەستپێدەکات و هیوادارین ئەو دانیشتنەش بەسەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت".
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی 14ی پارتی پێیوایە، هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە کۆنگرە کراون گرنگن، لەبەرئەوەی ئەم کۆنگرەیە 12 ساڵ بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک شەڕی داعش و کۆرۆنا دواکەوتبوو، بەپێی قۆناخەکە گۆڕانکاری لە پرۆگرامی پارتیدا کراوە و هەر بەپێی ئەو گۆڕانکارییەش پەیڕەوی پارتی گۆڕانکاری تێداکراوە.
عومەر بەکر گوتی: "گۆڕانکارییەکان زۆرن و دوای کۆتایی کۆنگرە هەست بە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەکرێت کە لە کۆنگرەی 14دا کراون".
عومەر بەکر باسی لە چۆنێتیی بەڕێوەچوونی کاری رۆژانەی کۆنگرە و خزمەتگوزارییەکان کرد و گوتی: "لەناو کۆنگرەدا کۆمەڵێک ستاف هەیە بۆ خزمەتکردن و بەڕێوەبردن، بۆ ئەوەش سیستمێکی ئەلیکترۆنیمان بەکارهێناوە کە هەر ستافە و بەپێی کاری خۆی ئەکسێسمان داوەتێ و تیایدا دیاریکراوە ئەندامانی کۆنگرە لەکوێ دەتوانن هاتووچۆ بکەن و شوێنەکانیان کوێیە، سوودمان لە سیستمێکی ئەلیکترۆنی وەرگرت کە لە کۆنگرەکانی رابردوو ئەوە نەکرابوو".
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی کاتی کۆنگرەش، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی 14ی پارتی گوتی: "بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانناوە، دەبێ ئەمڕۆ کۆتایی بە کاری کۆنگرە بهێنین. بابەتەکانی دیکەی وەک ئاهەنگی کۆتایی کۆنگرەش تایبەت نییە بە هۆڵەکانی کۆنگرەوە".