وەزیری ناوخۆی تورکیا: دەستبەسەر یەک تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، 1.1 تۆن مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی وەزارەتەکەی هەڵمەتێکیان لە 44 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا دەستبەسەر 1.1 تۆن مادەی هۆشبەردا گیراوە و 176 کەسیش دەستگیرکراون.
یەرلیکایا باسی لەوەکرد، هەڵمەتەکە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، رووها، دیلۆک، ئێلیە، مەلەتی، ئاگری، وان، شرنەخ، خارپێت، بەدلیس، مەرەش، سێرت، کیلیس، ئامەد و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئادانا، دەنیزلی، ئەنتاڵیا، ئەنقەرە، گیرەسون، ساکاریا، کۆنیا، کوتاهیا، کڕشەهیر، ئافیۆن، سامسون، عوسمانییە، کارامان، بۆڵو، کڕکڵارئێلی، بورسا، تۆکات، ئەسکیشەهیر، موغڵا، یالۆڤا، تەکیرداغ، هاتای، کایسەری، کۆجائێلی، سینۆپ، مەرسین و دوزجەی تورکیا ئەنجامدراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، مادە هۆشبەرەکە لە چەند جۆرێکی جیاواز بووە بە جۆرێک 846 کیلۆگرام مێتامفاتین؛ 223 کیلۆگرام سکونک؛ 11 کیلۆگرام کۆکایین؛ 15 کیلۆگرام حەشیش؛ 5 کیلۆگرام ماریوانا؛ 0.5 کیلۆگرام ئیرۆیین؛ 35 هەزار دانە حەبی کیپتاگۆن بووە.
عەلی یەرلیکاکا گوتیشی، هەر لەو هەڵمەتەدا 176 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون و دەست بەسەر 14 دەمانچە، چوار کلاشنکۆف و بڕێکی زۆر پارەیشدا گیراوە.