لە هەولێر و بەشێکی دهۆک پەڵەی داوە؛ لە سلێمانی بارانێکی دیکەی پێویستە
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان گرتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زۆرترین باران لە ناوچەی تەوێڵە لە هەورامان باریوە کە 52 ملیمەتر بووە؛ لە قەزای چوارتاش لە پارێزگای سلێمانی 48 ملیمەتر باران باریوە. بەگوتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە بەشی زۆری هەولێر و بەشێکی دهۆک پەڵەی داوە و دەتوانرێت تۆوی دانەوێڵە بکرێت؛ لە بەشێکی سلێمانی و هەڵەبجەش بارانی دیکەی پێویستە.
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر بۆ رووداو، بارانبارین لە پارێزگاکە بەمشێوەیە بووە؛ هەولێر 24.7 ملیمەتر؛ کۆیە 24 ملیمەتر؛ تەقتەق 15 ملیمەتر؛ شەمامک 27.5 ملیمەتر؛ عەینکاوە 17.1 ملیمەتر؛ قوشتەپە 32.3 ملیمەتر؛ بنەسڵاوە 22 ملیمەتر؛ شەقڵاوە 14.5 ملیمەتر؛ بالیسان 16.5 ملیمەتر؛ هەریر 8 ملیمەتر؛ بەستۆڕە 17.6 ملیمەتر و گوێڕ 8.6 ملیمەتر.
رۆژی شەممە، 4ـی 11-2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بارانبارینی دوێنێوە کە بەگشتی نزیکەی 30 ملیمەتر باری، زەوی لەبارە بۆ چاندنی گەنم و جۆ و لەم هەفتەیەدا جووتیاران دەتوانن تۆو بکەن".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر گوتی، 100%ـی زەوییەکانی سنووری هەولێر ئێستا شیاون بۆ چاندن و جووتیاران دەتوانن لەم هەفتەیەدا تۆو بکەن.
"سلێمانی بارانی دیکەی دەوێت"
بەگوێرەی کەشناسیی سلێمانی، دوێنی لە شاری سلێمانی 19 ملیمەتر باران باریوە؛ لە چەمچەماڵ 5.8 ملیمەتر؛ دووکان 11.2 ملیمەتر؛ بازیان 5.6 ملیمەتر؛ رانیە 11.1 ملیمەتر؛ قەڵادزێ 22.7 ملیمەتر؛ ماوەت 15.5 ملیمەتر؛ چوارقوڕنە 19 ملیمەتر؛ دەربەندیخان 28.2 ملیمەتر؛ پێنجوێن 14.8 ملیمەتر؛ ئاخجەلەر 16 ملیمەتر؛ چوارتا 48 ملیمەتر؛ یاخسەمەر 28.2 ملیمەتر؛ سەیدسادق 5.5 ملیمەتر؛ بەرزنجە 37 ملیمەتر و قەرەداخ 20 ملیمەتر.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو بارانەی دوێنێ باری دەکرێت بە یەکەم بارانی سەرتاسەری و باش پێناسە بکرێت، بەڵام بۆ پەڵەدان ماویەتی و بارانی دیکەی پێویستە.
"بەشی زۆری دهۆک پەڵەی داوە"
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک بۆ رووداو، دوێنێ لە دهۆک 12.4 ملیمەتر باران باری؛ لە سێمێل 18.5 ملیمەتر؛ باتێل 17.5 ملیمەتر؛ کانی ماسێ 25 ملیمەتر؛ چەمانکێ 12 ملیمەتر؛ زاویتە 16 ملیمەتر؛ سەرسنگ 23.5 ملیمەتر؛ بجیل 9.5 ملیمەتر؛ بەردەڕەش 0.5 ملیمەتر؛ بامەڕنێ 28 ملیمەتر؛ ئامێدی 22 ملیمەتر؛ مانگێش 18 ملیمەتر؛ دێرەلووک 12 ملیمەتر و شیلادزێ 14 ملیمەتر باران باریوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە زۆرینەی سنوورەکەمان پەڵەی داوە و جووتیاران دەتوانن تۆو بکەن، بەتایبەت سنووری ئامێدی، سێمێل، مانگێش، زاویتە، باعەدرێ و سەرسنگ".
"بۆ پەڵەدان لە هەڵەبجە بارانی دیکە پێویستە"
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەڵەبجە، لە بارانی دوێنێدا 9 ملیمەتر لە سەنتەری هەڵەبجە باریوە و لەگەڵ بارانی پێشتری ئەمساڵدا بووەتە 16 ملیمەتر؛ لە ناحیەی سیروان دوێنی 11.5 ملیمەتر باران باری؛ لە خورماڵ 11.5 ملیمەتر؛ بیارە 16.8 ملیمەتر و لە تەوێڵە 52 ملیمەتر باران باری.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوێنێ باران لە هەڵەبجەش باری، بەڵام بۆ پەڵەدان لە سنوورەکەی ئێمە هێشتا ماویەتی و بارانی دیکە پێویستە".