بەرپرسێکی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک: رێژەی دەنگدان بەرز بێت، کورسی بەدەستدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد عوسمان، بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، تەنیا رێگە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، یەکڕیزی و یەک گوتاریی لایەنە کوردییەکانە لە بەغدا، هاوکات رایدەگەیێنێت، "چانسی بردنەوەی کورسی لەلایەن حیزبەکەیەوە لە دهۆک پەیوەستە بە رێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا."
ئەمڕۆ سێشەممە 04-11-2025 محەممەد عوسمان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکان لە ساڵی 2005ـەوە کاریان لەسەر جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە کردووە کە خۆیان دەنگیان پێداوە، چ ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە کوردستانەوە و چ ئەوانەی مافی گشتیی هەموو عێراقن."
بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی، بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی وەکو ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق (2014 - 2018)، دەڵێت، "ئەو رۆژەی لەناو قوببەی پەرلەماندا حیزبە کوردستانییەکان بە یەک بەرنامە و یەک گوتاری سیاسی پێکەوە بووبن، ئەوەی ویستوومانە جێبەجێمان کردووە، رێزێکی زۆریشمان لێگیراوە؛ بەڵام ئەو کۆبوونەوەیەی یەک نەبووبین و رای جیاوازمان هەبووبێت، هیچمان بۆ میللەتەکەمان پێ نەکراوە، بەڵکو بە چاوێکی دیکەش تەماشا کراوین."
محەممەد عوسمان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا لەبارەی ئەوەی چانسی بردنەوەی کورسییان هەیە یان نا؟ دەڵێت، "هەموو توانای خۆمان خستووەتەگەڕ، ئەوەی ئەرکی سەرشانمانە جێبەجێمان کردووە، کار لەسەر ئەوە دەکەین کورسی بەدەستبهێنین."
دەشڵێت، "بردنەوەی کورسی پەیوەستە بە رێژەی بەشداریی خەڵک؛ ئەگەر رێژەی بەشداری بەرز بێت، کورسی زیاتر دەهێنین، ئەگەر کەم بێت، نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەموو لایەنەکان کورسییان کەم دەکات."
محەممەد عوسمان جەختی لەوە کردەوە، تاکە رێگە بۆ سەرکەوتنی کورد لە بەغدا یەکڕیزییە، "ئەمە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کورد هەمووی پێکەوە بێت لە بەغدا. لایەنەکانی دیکەی عێراق نازانن تۆ سەر بە چ حیزبێکیت یان خەڵکی کام شاریت، ئەوان پرسی نەتەوەیی لەبەرچاو دەگرن. بۆیە ئەگەر بمانەوێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرکەوتوو بین، دەبێت پێکەوە بین، هەر ئەمە و هەر ئەمەیە و هیچ رێگەیەکی دیکە نییە."
سەبارەت بە چۆنێتیی کارکردن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق، محەممەد عوسمان روونیکردەوە، یەکڕیزیی کورد، رێککەوتن و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئاسانتر دەکات، "کاتێک فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەک بن، ئەو جۆرە هاوئاهەنگییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە زۆر ئاسانتر دەبێت. تۆ دەتوانیت مافە دەستوورییەکانی تەواوی عێراقییەکان دەستەبەر بکەیت و لە هەمان کاتدا مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانیش بپارێزیت."
محەممەد عوسمان پێشبینیی کرد لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری لە دهۆک باش بێت، بەڵام "وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەرز نابێتەوە،" هەرچەندە پێیوابوو کە رێژەکە لەچاو شارەکانی دیکەی کوردستان بەرزتر دەبێت.