یەکێتیی زانایان: بەهۆی کۆمپانیاکانەوە بەشێکی عومرەکاران تەوافی ماڵئاوایی ناکەن و دەبێت فیدیە بدەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەیان ئاگاداردار کردووەتەوە، کە بەشێکی کۆمپانیاکان لە جیاتی 10 رۆژ، رۆژێک کەمتر عومرەکاران دەهێڵنەوە و رێگەنادەن تەوافی ماڵئاوایی بکەن. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت: "هیچ عومرەکارێک سکاڵای وای نەکردووە".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراوێک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەیان ئاگادار کردووەتەوە، کە بەشێک لە کۆمپانیاکان (تەواف وەداع) بە عومرەکاران ناکەن. هەروەها بەشێکیان پابەند نین بە گرێبەستەکانیان.
شێرکاوەیی گوتی: "گلەیی عومرەکاران بە ئێمە گەیشتووە، کە بۆ قازانج یان هەر هۆکارێکی دیکە بەشێکی کۆمپانیاکان گرێبەستی مانەوەی 10 رۆژ دەکەن، بەڵام 9 رۆژ دەمێننەوە، ئەوەش دژی گرێبەستەکەیە و دەبێتە ناشەرعی، داوامان کردووە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە چاودێریی کۆمپانیاکان بکات".
یەکێتی زانایان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "پێویستە سەرجەم عومرەکان تەواف وەداع بکەن و بەپێچەوانەوە دەبێت فیدیە بدەن، ئەوانەی شافیعی مەزهەبن".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش نووسراوی یەکێتی زانایانیش ئێمە کار و ئەرکی خۆمان دەزانین، لە رێگەی لیژنەوە بە وردی چاودێریی گەشتەکانی عومرە دەکەین و هەرکەس پابەندی گرێبەستەکەی نەبێ لێپێچینەوەی لێ دەکرێت".
بە گوتەی کاروان ستوونی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، هەروەها لە دەروازەی عەرعەر لە رێگەی لیژنە و نوێنەریانەوە چاودێریی کۆمپانیاکان دەکەن.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ یەکێتیی زانایان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەوان باسی دەکەن هیچ عومرەکارێک ئێمەی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە، هەرکەس مافی خوراوە لە رێگەی ژمارە و پەیجی فەرمیمانەوە ئاگادارمان بکاتەوە بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەی یاسایی لە کۆمپانیاکە دەکەین".
حاجی کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی عومرەکاران خۆیان تەوافی ماڵئاوایی ناکەن. گوتیشی: "ئەم ساڵ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بێبەرامبەر نێردراون بۆ عومرە، کە ئەرکی سەرەکییان روونکردنەوەی بنەما شەرعییەکان بووە بۆ عومرەکاران".
بە گوێرەی حەج و عومرە، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.