رێبوار تەها: ناچمە نێو ناکۆکی حیزبی و سەردەمی موزایەدە بەسەرچووە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک و بەربژێری یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: ''چیدیکە کەرکووک بێناز نییە و ئومێدمان بۆ خەڵکی شارەکە گەڕاندووەتەوە، ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوامبین کەرکووک زۆر لە هەولێر و سلێمانی جوانتر دەبێت".
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند: "دەبێت مۆدێل و عەقڵیەتی سیاسەتکردنمان لە کەرکووک بگۆڕین و واز لە ململانێی نەتەوەیی بهێنین، ئێستا پێویستمان بە هەنگاو و کاری دەستەجەمعییە''.
رێبوار تەها، لە هەمان کاتدا سەرلیستی یەکێتییە لە کەرکووک، لەبارەی کارەکانی کۆمپانیای BPـی بەریتانی رایگەیاند: "رێگری زۆر دەکرا لەوەی ئەو کۆمپانیایە بگەڕێتەوە کەرکووک، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ کۆمپانیاکە دروستکرد و پێم گوتن، ئێمە دەچینە بینا کۆنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەم بینا نوێیەی ئەنجوومەن بۆ ئێوە، تەنیا بگەڕێنەوە بۆ ئەم شارە و کار بکەن، دواجار بە هەوڵی ئێمە کۆمپانیاکە گەڕایەوە شارەکە''.
رێبوار تەها باس لەوەش دەکات، "کۆمپانیای 'BP'ـی بەریتانی 25 ساڵە بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک کاردەکات، ئێستاش 26 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە کەرکووک، بەوەش بەرهەمی نەوت و گاز زیاد دەکات و پارەی پترۆ دۆلاریش زۆرتر دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پڕۆژە و هەلی کار لە شارەکە''.
سەبارەت بەو پڕۆژانەی بڕیارە کۆمپانیای BPـی بەریتانی جێبەجێیان بکات، پارێزگاری کەرکووک گوتی: "کۆمپانیاکە کارگەیەکی پترۆ کیمیایی دروست دەکات لە مێژووی کەرکووک نەبووە، بڕیاریشە وێستگەیەکی کارەبای 400 مێگاوات دروست بکات، ئەوە جگە لە دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نەوت'' ئەوەشی خستەڕوو؛ "کۆمپانیای 'BP' هەموو ساڵێک 10 ملیۆن دۆلار دەدات بە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، ئێمەش دەیکەین بە پڕۆژە بۆ خەڵک''.
رێبوار تەها جەختی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: "کاتێک بووم بە پارێزگاری کەرکووک گەڕەکەکانی شارەکە وێران بوون، بۆیە لە هەشت مانگدا یەک ملیۆن و 400 هەزار مەتر چوارگۆشە کۆنکرێتمان بۆ کۆڵانەکان کردووە، لە گەڕەکی سێکانیان بۆ کۆتایی پەنجا عەلی 400 بگۆڕی کارەبا 'محاویلە'ـمان داناوە''.
لەبارەی دۆخی سیاسی لە پارێزگاکە، رێبوار تەها لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ جەختی لەوەکردەوە کە "خزمەتکردنی کەرکووک کارێکی دەستەجەمعییە و سەردەمی موزایەدەکردن بەسەر چووە، بۆیەش هەرگیز ناچمە نێو ناکۆکی نەتەوەیی و حیزبی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە''.