ژینگەی هەولێر: چارەسەری بنەڕەتیی دووکەڵ، گواستنەوەی کارگەکانی رێگەی مەخموورە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییانی سنووری مامزاوا و قەتەوی لەسەر رێگەی هەولێر - مەخموور، سکاڵا لە دووکەڵ و تۆزی ژمارەیەک کارگەی بەرد شکاندن و کاشی دەکەن، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێریش رایدەگەیێنێت، چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە گواستنەوەی ئەو کارگانەیە و بۆ ئەو مەبەستە نووسراویان ئاراستەی پارێزگای هەولێر کردووە.
 
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان لە رێگەی رووداوەوە سکاڵایان گەیاندووە و باس لەوە دەکەن کە دووکەڵێکی سپی چڕ لە کارگەکانی کاشی و کەسارەکانی سەر رێگەی مەخموور دروست دەبێت و ژینگەی ناوچەکەی پیس کردووە.
 
یەکێک لە هاونیشتمانییان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "رۆژانە بەو رێگەیەدا هاتووچۆ دەکەم و ئەو دووکەڵە چڕە دەبینم. پێشتر ماڵمان لە گەڕەکی مامزاوا بوو، بەدەست ئەو دووکەڵەوە ژیانمان تاڵ ببوو."
 
لەمبارەیەوە، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئاگاداری ئەو گرفتەین و لیژنەشمان بۆ بەدواداچوون پێکهێناوە."
 
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کارگانە کۆمەڵێک کارگەی کەسارەی بەرد شکاندن و کاشین و ساڵانێکی زۆرە لەو سنوورە کاردەکەن. گوتیشی، "نزیکەی 20 رۆژە سکاڵاکان لەسەر ئەو کارگانە زیادیکردووە. ئێستا مەرجدار کراون کە لە کاتی کارکردندا ئاو بەکاربهێنن بۆ ئەوەی تۆز و خۆڵ کەمبکەنەوە."
 
سەبارەت بە رێکارەکان، دڵشاد هیرانی روونیکردەوە، هەر کارگەیەک پابەندی رێنوێنییەکان نەبێت سزا دەدرێت، کە لە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو غەرامەکردن. لە حاڵەتی دووبارەبوونەوەشدا غەرامەکە دوو هێندە دەکرێت و دواجار دۆسیەکەی رەوانەی دادگە دەکرێت.
 
دڵشاد هیرانی ئاشکرایکرد، خۆی راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ کێشەکە کردووە و گوتی، "دوێنێ کاژێر 6:00ی بەیانی خۆم بۆ چاودێریکردنیان چوومەتە ئەوێ، هەر کارگەیەک دووکەڵ و تۆزی هەبووبێت، ئاگادارمان کردووەتەوە، ئەگەرنا سزا دەدرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، لەو ناوچەیە زیاتر لە 50 کارگە هەن و خراپیی رێگەکان و خۆڵبوونیان، هۆکارێکی دیکەی دروستبوونی تۆز و خۆڵە. بۆیە جەختی کردەوە: "هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتییان نییە جگە لە گواستنەوەیان. ئێمە نووسراومان بۆ پارێزگای هەولێر کردووە، چونکە گواستنەوەیان پێویستی بە رێکاری کارگێڕی و دابینکردنی شوێنێکی نوێی گونجاو هەیە بۆیان."