یەکێتیی زانایان: بەهۆی کۆمپانیاکانەوە بەشێکی عومرەکاران تەوافی ماڵئاوایی ناکەن و دەبێت فیدیە بدەن
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینیی رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەیان ئاگادار کردووەتەوە، کە بەشێکی کۆمپانیاکان لەجیاتی 10 رۆژ رۆژێک کەمتر عومرەکاران دەهێڵنەوە و رێگەنادەن تەوافی ماڵئاوایی بکەن. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، "هیچ عومرەکارێک سکاڵای وای نەکردووە."
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە نووسراوێک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەیان ئاگادار کردووەتەوە، کە بەشێک لە کۆمپانیاکان (تەوافی ماڵئاوایی) بە عومرەکاران ناکەن، هەروەها بەشێکیان پابەند نین بە گرێبەستەکانیان.
شێرکاوەیی گوتیشی، "گلەیی عومرەکاران بە ئێمە گەیشتووە، کە بۆ قازانج یان هەر هۆکارێکی دیکە بەشێکی کۆمپانیاکان گرێبەستی مانەوەی 10 رۆژ دەکەن، بەڵام 9 رۆژ دەمێننەوە، ئەوەش دژی گرێبەستەکەیە و دەبێتە ناشەرعی، داوامان کردووە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە چاودێریی کۆمپانیاکان بکات."
یەکێتیی زانایان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "پێویستە سەرجەم عومرەکان تەوافی ماڵئاوایی بکەن و بە پێچەوانەوە دەبێت فیدیە بدەن، ئەوانەی شافیعی مەزهەبن."
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش نووسراوی یەکێتیی زانایانیش ئێمە کار و ئەرکی خۆمان دەزانین، لە رێگەی لیژنەوە بە وردی چاودێریی گەشتەکانی عومرە دەکەین و هەرکەس پابەندی گرێبەستەکەی نەبێت لێپێچینەوەی لێ دەکرێت."
بە گوتەی کاروان ستوونی، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر، هەروەها لە دەروازەی عەرعەر لە رێگەی لیژنە و نوێنەریانەوە چاودێری کۆمپانیاکان دەکەن.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، "هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ یەکێتی زانایان هەیە، بەڵام ئەوەی ئەوان باسی دەکەن هیچ عومرەکارێک ئێمەی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە، هەرکەس مافی خوراوە لە رێگەی ژمارە و پەیجی فەرمیمانەوە ئاگادارمان بکاتەوە بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەی یاسایی لە کۆمپانیاکە دەکەین."
حاجی کاروان ستوونی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی عومرەکاران خۆیان تەوافی ماڵئاوایی ناکەن. گوتیشی، "ئەم ساڵ زیاتر لە 500 مامۆستای ئایینی لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیمانەوە بێ بەرامبەر نێردراون بۆ عومرە، کە ئەرکی سەرەکییان روونکردنەوەی بنەما شەرعییەکان بووە بۆ عومرەکاران."
بەگوێرەی حەج و عومرە، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی لە رێگەی ئاسمانیی و وشکانییەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.