ژمارەیەک ماسیی گەورە لە دەربەندیخان لەنێوچوون
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک ماسیی گەورە لە دەریاچەی دەربەندیخان لەنێوچوون. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "لێکۆڵینەوە دەکەن."
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەنەیخان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماسییەکان گەورەن و لە حەوزێکی نێو دەریاچەکەدا لەنێوچوون."
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، ماسییەکان زۆرینەیان کێشیان دەگاتە کیلۆگرامێک و زیاتر.
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، "ماسییەکان ماسیی دەریاچەکە نین، بەڵام کەسێک حەوزی لەنێو دەریاچەکەدا دروستکردووە و ماسیی ئەون، تاوەکو ئێستا هۆکاری لەنێوچوونەکە نازانین."
قایمقامی دەربەندیخان لیژنەیەکی ناردووە بۆ دەریاچەی دەربەندیخان بۆ زانینی ژمارەی ماسییە لەنێوچووەکان و هۆکاری لەنێوچوونیان.
1ی ئەیلوولی ئەم ساڵیش، لە بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی 6 هەزار ماسی مردن و سەرئاو کەوتن. قایمقامی قەزاکە ئەوکات بە رووداوی گوت، "ماسییەکان بە بچووکی تێکەڵی حەوزی ماسی بوون و بەهۆیەوە لەنێوچوون."