وەزارەتی خوێندنی باڵا سێ رۆژ پشووی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، وەک کارئاسانییەک بۆ فەرمانبەران و خوێندکارانی ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سێ رۆژ پێش رۆژی هەڵبژاردن دەبێتە پشوو.
 
بڕیارە لە 9 و 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت. بەشێکی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنگدانیان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، وەکو موسڵ، کەرکووک و دیالە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داوامان لە هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە کە سێ رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی کارئاسانی بۆ خوێندکار و فەرمانبەران بکرێت، تاوەکو بتوانن بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان."
 
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، ئەو خوێندکار و فەرمانبەرانە سێ رۆژ پێش هەڵبژاردن، بۆیان دەبێتە پشوو، واتە رۆژانی 8، 9 و 10ی تشرینی دووەم.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێکی بۆ گشت زانکۆکانی هەرێمی کوردستان گشتاندووە و تێیدا هاتووە: "لەسەر راسپاردەی جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاگادارتان دەکەینەوە کارئاسانی و هاوکاری بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکار/قوتابییانە بکرێت کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، بۆ ماوەی (3) رۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن، بۆ جێبەجێکردن و کاری پێویست."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بە فرەبازنەیی دەکرێت، کە هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە و پشکی کورسیی خۆی هەیە.