سەدر بۆ دەنگدەران: کارتی دەنگدان نەدەنە بەربژێران

رووداو دیجیتاڵ

"بەربژێرێک بە قورئان سوێندی بە کەسوکاری قوتابییەکانی خواردووە دەنگی پێ بدەن، خاوەنی کەژاوەى حوسێنییەکان پارە لە بەربژێران وەردەگرن، خەڵکی ئەعزەمییەی بەغدا بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن" ئەمانە و چەندین زانیاریی دیکە و سکاڵان گەیشتوونەتە نوسینگەکەى موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانی شیعە.
 
سەرۆکى رەوتی نیشتمانیی شیعە شکاندنی سوێندخواردنەکە بە رەوا دەزانێت و وەرگرتنی پارەى بەبێ دەنگدان پێ ئاساییە.
 
ئەو هەڵوێستانەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە وەڵامی راپۆرتی بەرپرسانی رەوتەکەی بووە لەبارەی دۆخی گشتیی چەند پارێزگایەکی عێراقەوە کە سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن نوسینگەکەیەوە بڵاو کراوەتەوە.
 
یەکێک لەو زانیارییانەی بە موقتەدا سەدر دراوە ئەوەیە راپرسییەک کراوە لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا، وەک پاڵپشتی بۆ بڕیاری رەوتەکە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن.
 
موقتەدا سەدر لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت: "سڵاوی خوا لە دانیشتووانی ئەعزەمییە، هەمیشە لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییە پاڵەوانەکانیان رایانهێناوین."
 
لە 4ـی تەممووز، موقتەدا سەدر، بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و بەشداریکردنی بەستەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەک بە دەوڵەت.
 
یەکێک لەو پرسانەی دیکە خراوەتە بەردەم موقتەدا سەدر ئەوەیە گوایە خاوەنی هەندێک کەژاوە و دەستە حوسێنییەکان لە پارێزگای زیقار لە نوێنەری بەربژێران وەرگرتووە و کارتەکانی دەنگدانیان پێدەدەن لەبەرامبەر بڕێک پارە بۆ بەڕێوەبردنی بۆنە حوسێنییەکان.
 
موقتەدا سەدر لەو بارەیەوە دەڵێت: "با پارەکە وەربگرن، بەڵام قەت کارتەکانی دەنگدانیان نەدەنێ، وەرگرتنی پارە مانای ئەوە نییە دەنگیان پێدەدەن، دەنگ بە بەهاترە لە پارەکانیان."
 
زانیارییەک دراوە بە نووسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر سەبارەت بە بەربژێرێکی هاوپەیمانیی عومران لە بابل کە سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە بووە، کشاوەتەوە.
 
پرسێکی دیکە کە خراوەتە بەردەم موقتەدا سەدر ئەوەیە گوایە بەربژێرێکی لیستی رێکخراوی بەدر لە دیالە کە خاوەنی قوتابخانەی ئەهلییە، کەسوکاری قوتابییەکانی بانگهێشت کردووە و سوێندی بە قورئان پێخواردوون دەنگی پێ بدەن و ئەگەر 10 کارتی دەنگدانی بۆ ببەن، پارەی خوێندنی منداڵەکانیان کەم دەکاتەوە.
 
سەرکردەی رەوتی نیشتمانیی سەدر لەبارەی ئەو پرسەوە دەڵێت: "ئەگەر موجتەهید بوومایە، فەتوای ئەوەم دەدا دەکرێت ئەو سوێندە بشکێنرێت."