لە راپەڕین هەڵمەتی "هەڕۆ دەنگدانێ" بۆ هاندانی ژنان بۆ دەنگدان راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین چەند ژنێک هەڵمەتێکیان لەژێر ناوی "هەڕۆ دەنگدانێ" دەستپێکردووە، بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی دەنگدەری ژن لە سنوورەکەدا، سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکە دەڵێت، "دەیانەوێت ئەو بۆشاییەی رێژەی دەنگدان کە بەهۆی کۆچی گەنجانەوە دروستبووە، ژنان پڕی بکەنەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2025 هێلین محەممەد، سەرپەرشتیاری هەڵمەتی "هەڕۆ دەنگدانێ" بە رووداوی راگەیاند، "هەڵمەتەکەمان لەلایەن رێکخراوی سپاردەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ سنووری ئیداری راپەڕینە، لەگەڵ 8 خانمی دیکە بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵمەتەکە بەڕێوەدەبەین، دوای دەنگدانیش هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریی ژنان دەکەن.''
سەرپەرشتیاری هەڵمەتی "هەڕۆ دەنگدانێ" گوتیشی، "ئامانجی یەکەمی هەڵمەتەکەمان بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لە رێگەی ئۆنلاین و ئیڤێنتەوە، ئامانجی سەرەکیشمان بریتییە لە بونیاتنانی توانا و متمانە بۆ ئەو خانمانەی یەکەمجاریانە دەنگ دەدەن."
هێلین محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، "هەڵمەتەکەی ئێمە بێلایەنانەیە و دەمانەوێت رێژەی بەشداری ژنان بەرزبێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هەڵمەتەکە تەنیا بۆ ژنانە، سەرپەرشتیاری هەڵمەتەکە دەڵێت، "ئێمە لەبەر ئەوە خانمان هەڵبژاردووە، چونکە پشکی شێری کۆچی بەلێشاوی گەنجان بەر سنووری ئیدارەی راپەڕین کەوتووە و وایکردووە رێژەی ژنان زۆر زیاتربێت لە پیاوان، ئەوەش هۆکاربووە رێژەی دەنگدان کەم ببێتەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەو بۆشاییە ژنان ژنان پڕی بکەنەوە."
باسی لەوەش کرد، هەڵمەتەکە چەندین چالاکی ئۆنڵاین و ئیڤێنت لە ناوەندەکانی خوێندن لەخۆدەگرێ، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو هۆشیارییانە چەندین خانم بەڵێنیان داوە بەشداری لە دەنگدان دا بکەن.
پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی بەریتانیا و رێکخراوی نێودەوڵەتی (Women for Women international) پاڵپشتی دارایی دەکرێت.