هێزێکی پێشمەرگە لە گوندی خدرجیجە جێگیر دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

هێزێکی لەشکری تایبەتی یەک و لەشکری گوڵان بە ئاڕاستەی گوندی خدرجیجە جوڵەی پێکرا و بە درێژایی ئەو سنوورانەی مەترسی هێرشی داعشیان لەسەرە جێگیر دەکرێن.
 
ئەمڕۆ شەممە 4-12-2021 مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی ئێمە وەک هێزەکانی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، هاتووین رەبایە لە دەوری گوندی خدرجیجە دادەنێین، ئەگەر تیرۆرستانی داعش ویستیان جارێکی دیکە پەلاماری خەڵکی ئێمە بدەن لەو گوندە، بە دڵ و گیان و خوێن بەرگری دەکەین، ئومێد دەکەین ئەو کارەساتەی روویدا دووبارە نەبێتەوە، لێرەوە تەنیا ئەوە دەڵێم خوا سەبووری هەموو لایەکمان بدات".
 
مەنسور بارزانی داوایشی لە حکومەتی عێراق کرد، ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، پڕبکرێنەوە، "ئەگەر ئەو بۆشاییانە پڕ نەکرێنەوە تیرۆریستان سوودی لێ دەبینن".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەگەری نەبوونی هاوئاهەنگیی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکرێت؟ لە وەڵامدا مەنسور بارزانی گوتی: "هێزی پێشمەرگە درێخی نەکردووە، لە ماوەی 2014 تاوەکو ئێستا دوو هەزار شەهیدی داوە و هەزاران پێشمەرگەش برینداربوونە، هەر وەکو جەنابی سەرۆکی حکومەت باسیکرد 'پێشمەرگە بە تەمای حکومەتی بەغدا نەوەستاوە' ئێستا لە سنووری رۆژئاوای بەنداوی موسڵ تاوەکو دەگاتە خانەقین، پێشمەرگە لە هێلی بەرگریدایە".
 
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان جەختیکردەوە، کە ئەو هێزەی پێشمەرگە لەوێ جێگیر دەبێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوڵاتیانی سنوورەکە دەبێت، نەک تەنیا بۆ گوندی خدرجیجە، بەڵکو بۆ هەر شوێنێک کە پێویست بێت، هاوکات هێزێکی یەدەگی پێشمەرگەش لەو سنوورە جێگیر دەکرێت.
 
جێگیرکردنی ئەو هێزانە لە کاتێکدایە کە نزیکەی هەفتەیەکە هێرشەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادیان کردووە، داویین هێرشیش شەوی پێنجشەممە 02-12-2021 بوو کە چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر گوندی خدرجیجەی سەر بە قەزای مەخموور، لە هێرشەکەدا 10 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون.
 
پێشتریش لە ماوەی هەفتەیەکدا چەکدارانی داعش دوو هێرشی دیکەیان کردبوو. شەوی دووشەممە 29-11-2021ی چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر چەند رەبییەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە قەزای کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و دوو پێشمەرگەیان شەهیدکرد.
 
هەروەها لە شەوی 27-11-2021یش، لە ناوچەی تەپی تەلان لە سنووری کوڵەجۆ، چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقیەوە و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.