مەلا عەلی کەڵەک: بچمە هەر وڵاتێک 10 هەزار خوێندکار فێر دەکەم


رووداو دیجیتاڵ

مەلا عەلی کەڵەک، ئەو کەسایەتییەی کە بە "چارەسەرکردن بە پزیشکیی نەبەوی" ناسراوە، ماوەیەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. لەم رۆژانەدا سەردانی پاکستانی کرد و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا و سەردانەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگی دایەوە.
 
مەلا عەلی کەڵەک پاشناوەکەی بۆ کوردستانی گۆڕیوە و ئێستا لە وڵاتێکی ئەوروپییە، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "سەردانەکانم بۆ پاکستان و سریلانکا، بە بانگهێشتی فەرمی ئەو وڵاتانە بووە و فەرشی سووریان بۆ راخستووم، چەند وڵاتێکی دیکەش بانگهێشتنامەیان بۆ ناردووم و سەردانیان دەکەم، ئامانجیشم ئەوەیە لە هەریەکە لەو وڵاتانە خوێندنگەیەک بکەمەوە و 10 هەزار خوێندکار فێربکەم".
 
مەلا عەلی دەڵێ، "پاشناوەکەم کردووە بە کوردستانی و لەمەودواش بە جلوبەرگی کوردییەوە سەردانی وڵاتان دەکەم، ئامانجی من، جگە لە بڵاوکردنەوەی ئەو زانستەی خوا پێی بەخشیوم، ناساندنی کورد و کوردستانە بە وڵاتانی جیهان".
 
پێشتر لە ناحیەی کەڵەکی سەر بە پارێزگای دهۆک مەلا عەلی بنکەیەکی چارەسەری توبی نەبەوی هەبوو، بەڵام چەند جارێک شوێنەکەی پێ داخرا. 
 
مەلا عەلی دەڵێ، "سەردانم بۆ ئەو وڵاتانە تەواو بکەم کە بانگهێشتیان کردووم، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێمەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
 
مەلا عەلی لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان، هەزاران کەس پێشوازییان لێکرد و لەلایەن یوسف رەزا گەیلانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، شێخ تاهیر محەممەد، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی پاکستان، پەرلەمانتاران محەممەد تەڵعێسی و د.فیردەوس پێشوازیی لێکرا.