رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە رێگەی کەرکووک - هەولێر روویدا و گیانلەدەستدان و بریندار هەن

رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی کەرکووک – هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستدا. بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، برینداریش هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 04-12-2023 عەمید محەممەد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر رێگەی کەرکووک – هەولێر رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداریش هەیە.

عەمید محەممەد گوتی، رووداوە هاتووچۆکە "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە روویداوە و تەنیا زانیاریی سەرەتاییمان پێگەیشتووە."

بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 3706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7250 کەسیش بریندار بوون.