لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە چۆمان لانیکەم سێ کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە سەیرانگەی پرژێی سنووری چۆمان لانیکەم سێ گیانلەدەستدان و شەش برینداری لێکەوتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، قوربانییەکان گەشتیاری عەرەبن کە سەردانی ناوچە شاخاوییەکانی چۆمانیان کردبوو. 
 
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی لە رێگەی سەیرانگەی پرژێی دەڤەری باڵەکایەتی، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش گەشتیاری دیکەش بریندار بوون.
 
زانیارییەکان سەرەتایین و لایەنە پەیوەندیدارەکان روونکردنەوەیان لەسەر نەداوە. ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەخۆشخانەی چۆمانەوە گوتی، زیاتر لە چوار ئەمبوڵانسی نەخۆشخانەی چۆمان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
 
شۆفێری یەکێک لە ئەمبوڵانسەکان کە یەکێک لە بریندارانی گواستەوە بۆ نەخۆشخانەکە بە رووداوی گوت، ''تەرمێک ئێستا بەر لە گەیشتنی من هێنرا و دوو یان سێ ئەمبوڵەنسی دیکەش لە شوێنی رووداوەکەن".
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو گرووپە گەشتیارییە عەرەبن و ئافرەت و منداڵیان لەگەڵ نەبووە، لە قەزای چۆمان یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی کە توانای رۆیشتن بە بەرزاییاندا هەیە بە کرێیان گرتووە و ویستوویانە سەردانی ناوچە شاخاوییەکانی سەیرانگەکە بکەن.
 
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 3706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7250 کەسیش بریندار بوون.