دوو رۆژە دەروازەی شوشمێ بەڕووی بازرگانیدا داخراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایی بەشێکی شۆفێرانەوە، لە دوێنێوە دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕووی بازرگانیدا داخراوە، شۆفێریک دەڵێت، "ئەمڕۆش کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە و دەروازەکە بەداخراوی دەمێنێتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە، 04-12-2023، رزگار عەلی، یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی شوشمێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆش رێکنەکەوتووین و دەروازەکەمان بە داخراوی دەمێنێتەوە، سبەی جارێکی دیکە لە پارێزگای هەڵەبجە هەوڵی رێککەوتن دەدەین".
لە دەروازەی شوشمێ دوو جۆر باهەڵگر شتومەکی جیا بۆ هەرێمی کوردستان و عەلوەی سلێمانی دەگوازنەوە، ئۆتۆمبێلی بەشێکیان پێی دەگوترێت تاک و بەشەکەی دیکە سکس؛ ئەوانەی تاکن توانای هەڵگرتنی 10 تۆن شتومەکیان هەیە، بەڵام ئەوانەی سکسن توانای هەڵگرتنی 17 تۆنیان هەیە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکن 55 ئۆتۆمبێلن و دەڵێن نرخی هێڵەکەیان 75 هەزار دۆلار (7 دەفتەر و نیو)ـە، بەڵام هێڵەکەی دیکەی نرخی 45 هەزار دۆلار (4 دەفتەر و نیو)ـە، بڕیار دراوە 25 بارهەڵگری ئەو هێڵەی نرخی هەرزانترە بخرێنەسەر سەر هێڵە گرانەکە، ئەوەش ناڕەزایی 55 شۆفێرەکەی لێکەتووەتەوە.
رزگار عەلی دەڵێت، "ئەوان ئەمڕۆ رەزامەندییان دەربڕیوە کە 20 بارهەڵگری گەورە لە هێڵی بەرامبەر بخرێتە سەر هێڵەکەیان و دەروازەکە بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ لایەنی بەرامبەر رێکنەوکەوتوون و ئەوان گوتوویانە دەبێت 25 بارهەڵگر بخرێتە سەر هێڵەکەیان".
دەروازەکە تەنیا بەڕووی بازرگانیدا داخراوە و بەڕووی گەشتیاریدا کراوەیە.
رۆژی 27-06-2023 دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانیی تێدا دەکرا. دەروازەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل.
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و، ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.