ئەو سكاڵایەی لە دژی فرۆشتنی گازی کۆرمۆر تۆمارکرابوو، رەتکرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی رەتکردەوە کە لە دژی فرۆشتنى گازى کۆرمۆر بە وەزارەتى نەوتى عێراق تۆمارکرابوو، دادگەکە دەڵێت، سکاڵاکار بەرژەوەندیى لە پێشکێشکردنى سکاڵاکەدا نەبووە، بۆیە سکاڵاکەی رەتکراوەتەوە.
 
رۆژی 4ى کانوونى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرانى نەوت و دارایی حکومەتى فیدراڵیی تۆمارکرابوو، تێیدا داواى دەکرد بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق بە "نادەستوورى" بناسێنرێت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کۆمپانیاى پێرڵ، کە لە کێڵگەى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستان کار دەکات.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاری دا کە سکاڵاکە رەتبکاتەوە و بە پاساوى ئەوەى سکاڵاکار بەرژەوەندیى لە پێشکێشکردنى ئەو  سکاڵایەدا نەبوو.
 
سکاڵاکە لەلایەن عودەى عەواد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق تۆمارکرابوو، کە ئەندامى فراکسیۆنى فەتحە لە پشکى پارێزگاى بەسرە.
 
رۆژی 13ی تەممووزى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دەسەڵات بداتە وەزارەتى نەوت بۆ کڕینى گازى سرووشتى لە کێڵگەى کۆرمۆرى هەرێمى کوردستان بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى نێوخۆیی ئەو وێستگانە کە گاز بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنن.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق کە لە 5ـی تشرینى دووەمی 2023 بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەى راکێشانى هێڵى گواستنەوەى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆرى ناحیەى قادرکەرەمەوە بۆ وێستگەى کارەباى تازە جێبەجێکراوە، کە تواناى هەیە رۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بگوازێتەوە بۆ وێستگەکە بۆ ئەوەى بەرهەمهێنانى کارەبا، بەڵام تاوەکو ئێستا گازى کۆرمۆر بەو هێڵەدا نەگوێزراوەتەوە بۆ وێستگەکەى کەرکووک.