پێشبینیی دوو شەپۆلی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی سێشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. کەشناسێکیش دەڵێت، رۆژی دواتر شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز بەشێکی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، شەممەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانی باش تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە پلەی گەرمای دوێنێ.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی سێشەممەوە کەشناسی دەڵێت، ئاسمان ساماڵ دەبێت و شەوەکەی بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممە 06-12-2023 شەپۆلێکی بارانبارین بە لاوازی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ زیاتر لە سنووری دهۆک کاریگەریی دەبێت و دواتر ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر.
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. گوتیشی، "زۆرترین باران لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبارێت؛ لە سلێمانی و هەموو ناوچەکانی دیکەش بارانی باش دەبارێت؛ تەنیا لە هەڵەبجە و گەرمیان کەمتر لە ناوچەکانی دیکە باران دەبارێت."
 
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی شەپۆلەکەی رۆژی شەممەوە پلەی گەرما دادەبەزێت و لە تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان بەفر دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی سێشەممە 05-12-2023 بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21  پلەی سیلیزی
کەرکووک: 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 13 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی