تورکیا هەواڵی کوژرانی 47 سەربازی لە هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا هەواڵی کوژرانی 47 سەربازی لە ناوچەی خواکوڕک لە هەرێمی کوردستان لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە رەتدەکاتەوە.
 
سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست لە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە هێزێکی سەر بە سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج و 47 سەرباز کوژراون.
 
سەنتەرەی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست لە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و رووداوی وەها رووینەداوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرتە ڤیدیۆییەکە لە ساڵی 2019 لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە و شوێنەکەش ناوچەی خواکوڕکە لە هەرێمی کوردستان، تێیدا هێزێکی سوپای تورکیا سەرقاڵی کێوماڵکردنی رێگەکان بووە و دواتر چەند حەشارگەیەک و ئەشکەوتی پەکەکەی تەقاندەوە. هەروەها رایگەیاندووە، "بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆییە مۆنتاژ کراوە و دیمەنێک زیاد کراوە" کە گوایە گەریلاکانی پەکەکە بە رۆکێتێکی کورتمەودا ئەو هێزە دەکەنە ئامانج.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەواڵە راست نییە و گرتە ڤیدیۆیەکەش پڕوپاگەندەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و نابێت بایەخی پێبدرێت.
 
نزیکەی 30 ساڵە تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان شەڕی یەکدی دەکەن. دوایین زنجیرە ئۆپەراسیۆن تورکیا رایگەیاندووە ناوی ناوە چنگ- قوفڵ، کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 647 گەریلا و کوژرانی 113 سەربازی سوپای وڵاتەکەی لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنە راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 398 گەریلای راگەیاندووە.