کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ خێرا دەکرێ؛ 23٪ـی تەواو بووە

رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە کە بە ستراتیژیی بۆ ناوچەکە هەژمار دەکرێ بەردەوامە. بەڕێوەبەری ئاوی ناوچەکە دەڵێت، وێڕای خەرجنەکردنی پارە، کارکردن لە پڕۆژەکە خێرا کراوە.
 
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە خەرج نەکراوە".
 
ساڵێک و پێنج مانگە کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە دەستیپێکردووە، تاوەکو کۆتایی تەمموزی ئەم ساڵ کەمتر لە 10٪ـی کارەکانی تەواو ببوو. زیاد جاندار گوتی: "کارەکان خێراتر کراون و رێژەی کارکردن گەیشتووە بە 23٪، گۆڕانکاری لە پڕۆژەکەدا کرا ئەگەرنا رێژەکە زیاتر دەبوو".
 
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەند پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکار خەرج نەکراوە، ئەوان بەردەوامن لە بەرەو پێشبردنی پڕۆژەکە. گوتیشی: "بودجەی پڕۆژەکە لەسەر داهاتی وەزارەتی شارەوانییە، بەڵام لە پشکی داهاتی نێوخۆی پارێزگای سلێمانی".
 
چاوەڕوان دەکرێت بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی زیاتر لە 10 ساڵ کەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر ببێت.
 
لە وەرزی گەرمادا چەمچەماڵ خراپترین ناوچەیە بۆ کەمئاوی و دابەشکردنی ئاو دەگاتە 12 رۆژ جارێک.
 
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە 26ی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ی حوزەیرانەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بڕیارە 26-06-2026 تەواو ببێت.