کەشناسی بڕی ئەو بارانە ئاشکرا دەکات هەفتەی داهاتوو دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڕی ئەو بارانەی ئاشکرا کرد کە پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ببارێت، لە سەنتەری شارەکان لە نێوان 35- 65 ملیمەتر دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکانیش 75 تاوەکو 100 ملیمەتر باران دەبارێت.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ رووداو ئاشکرا کرد، گوتی "شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەریی سێ نزمەپاڵەپەستۆی دەریای نێوەڕاست، دەریای سوور و نزمەپاڵەپەستۆی تورکیای لەسەرە."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەدا ناوچەکە بە دوو قۆناخ دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلەوە. قۆناخی یەکەم لە رۆژی یەکشەممە، 07-12-2025، تاوەکو رۆژی سێشەممە دەبێت و قۆناخی دووەمیش لە رۆژی چوارشەممە تاوەکو هەینی دەخایێنێت.
بەوپێیە بێت، هەفتەیەکی پڕ لە بارانبارین چاوەڕێی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
بڕی بارانبارینی پێشبینیکراو لە ماوەی قۆناخی یەکەمدا بەم شێوەیە دەبێت:
رۆژی یەکشەممە:
سەنتەری هەولێر: 10-25 ملم
ئیدارەی سۆران: 20-30 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 25-35 ملم
سەنتەری سلێمانی: 15-25 ملم
ئیدارەی راپەڕین: 20-25 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 45-60 ملم
سەنتەری دهۆک: 10-15 ملم
ئیدارەی زاخۆ: 15-20 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 45-60 ملم
سەنتەری هەڵەبجە: 15-25 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 15-20 ملم
سەنتەری کەرکووک: 15-20 ملم
رۆژی دووشەممە:
سەنتەری هەولێر: 25-35 ملم
ئیدارەی سۆران: 40-50 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 50-65 ملم
سەنتەری سلێمانی: 35-45 ملم
ئیدارەی راپەڕین: 45-50 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 60-70 ملم
سەنتەری دهۆک: 20-35 ملم
ئیدارەی زاخۆ: 35-45 ملم
ناوچە شاخاوییەکان: 60-70 ملم
سەنتەری هەڵەبجە: 25-30 ملم
ئیدارەی گەرمیان: 35-45 ملم
سەنتەری کەرکووک: 15-25 ملم
محەممەد کەمال، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە حەوتی مانگ شەپۆلەکە دەستپێدەکات و 13 و 14ـی مانگ کۆتایی دێت. رۆژی یەکشەممە شەپۆلەکە لاواز دەبێت، بەڵام رۆژانی 8، 9 و 10ـی کانوونی دووەم چەقی شەپۆلەکە دەبێت و لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری بارانی بەهێز هەیە."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، "مەترسیی دروستبوونی لافاو لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکووک، دەشتی هەولێر و دەوروبەری، ئیدارەکانی گەرمیان و سۆران و بادینان هەیە، کە زۆرترین باران دەبارێت و کەمترین بڕ 45 ملیم دەبێت، هەروەها لە ناوچە شاخاویی و کوێستانییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە."
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان پەڵەهەور و هەندێک کات بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت. سبەیش ئاسمان پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت."
بەگوێرەی کەشناسی، سبەی لە باشووری کوردستان پلەکانی گەرما بەمشێوەیە دەبن:
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی