دابەشکردنی زەوی؛ لە هەندێک پارێزگا هەزاران و لە هەندێکیش هیچ پارچەیەک دابەش نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو ساڵە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی دراوە، لە هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە 60 هەزار پارچە دابەشکراوە، لە سلێمانی 20 هەزار پارچە و دەوروبەری شارەکە هیچ زەوییەکی دابەش نەکردووە؛ لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار پارچە و لە هەڵەبجە هیچ زەوییەک دابەش نەکراوە.
لەو ناوچانەی تاوەکو ئەمڕۆ زەوی دابەش نەکراوە، بەرپرسەکانیان هۆکارەکانی دەگێڕینەوە بۆ نەبوونی زەوی پێویست و رێگەنەدان بە گۆڕینی رەگەزی زەوی لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون.
زۆرترین زەوی لە هەولێر دابەشکراوە
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە شاری هەولێر و دەوروبەری، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 60 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانیش ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات، کە لە قۆناخەکانی داهاتوودا زەوییان تێدا دابەش دەکرێت.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 33 هەزار پارچە زەوییمان لە سنووری شارەوانییەکان دابەشکردووە".
جگە لە شارەوانییەکانی هەولێر کە دەوروبەری هەولێر لە ئەستۆیاندایە، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شارەوانی هەولێر تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 30 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە".
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بە قۆناخی داهاتووی دابەشکردنی زەوی لە دەوروبەر کرد و گوتی: "ئامادەکاری کراوە لە خەبات، کانی قرژاڵە و بەستۆڕە زەوی دابەش بکرێت".
شارەوانی سلێمانی: 20 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کاتی دابەشکردنی زەوییەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 20 هەزار پارچە زەویمان دابەشکردووە".
لەبارەی قۆناخی داهاتووەوە گوتەبێژی شارەوانی سلێمانی گوتی: "دابەشکردن بەردەوام دەبێت، کارکردنیش بۆ دابەشکردن بەردەوامە، بەڵام هێشتا وردەکاری شوێنەکان بەردەست نین".
ئاسۆ شێرکۆ، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ لە دەوروبەر هیچ زەوییەکمان دابەش نەکردووە، ناوێکی زۆرمان لە وەزارەت بۆ گەڕاوەتەوە زەوییان پێ بدەین، بەڵام کێشەی یاسایی و کارگێڕیمان هەیە".
لەبارەی کێشەکانیانەوە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی گوتی: "43 شارەوانیمان هەیە، بەشێکیان بچووکن و دەرفەتی فراوانبوونیان نییە، هەروەها ناحیەمان هەیە زەوییەکەی نزیکەی ملیۆنێک دینار رسووماتی دەوێ، وەگرەکەی بیفرۆشێتەوە هەر ئەو پارەی بۆ دەکات، بۆیە نایەوێت زەوی وەربگرێت و بە سوودمەندیش دابنرێت".
ئاسۆ شێرکۆ گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە رێکارە یاساییەکان، بەڵام دەمانەوێ زیاتر بەرچاومان روون بێتەوە ئینجا دەست بە دابەشکردن بکەین".
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشێکی قەزاکان وەکو چەمچەماڵ و دەربەندیخان زەوی دابەش دەکەن و چاوەڕێی تەواوبوونی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەکەن.
دابەشکردنی زەوی لە دهۆک و هەڵەبجە
لە دهۆک دابەشکردنی زەوی شار و دەوروبەری سپێردراوە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییی شارەوانییەکانی دهۆک.
ئەمیر ئەتروشی، گوتەبێژی شارەوانییەکانی دهۆک، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 489 پارچە زەویی دابەشکراون".
جیا لەوانەی لە دهۆک زەوییان وەگرتووە، 70 هەزار و 907 کەس رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان بۆ گەڕاوەتەوە و بڕیارە دوای رێکارەکان زەوییان پێبدرێت.
بەگوێرەی شارەوانی هەوڵەبجە بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پارچە زەوییەک لە سنوورەکە دابەش نەکراوە.
سەلام بیلال، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە سەرقاڵی دیزاین و نەخشەسازین، بەشێکی خەڵکیش رێگرن لە دابەشکردنی زەوی".
بەگوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی هەڵەبجە: "خەڵک دەڵێن، رێگە نادەین و نامانەوێ زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بکرێنە نیشتەجێبوون و دابەش بکرێن".
دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیارێکی 27ـی ئاداری 2024 ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە کە بڕیاری دا زەوی بدرێتە ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێ، تاوەکو ئەمڕۆ لە بەشێکی شارەکان دابەشکراوە و دابەشکردنیش بەردەوامە.