ئاسایش دانپێدانانی تۆمەتبارێکی ئاڵۆزییەکانی لاجان بڵاودەکاتەوە؛ 'دەستی نێوخۆیی و دەرەکی لە پشت بوو'
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێندانی تۆمەتبارێکی گرژییەکانی گوندی لاجانی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، ''دەستی نێوخۆیی، دەرەکی و گرووپە چەکدارەکان'' لەپشت ئاڵۆزییەکە بوون.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-12-2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وێڕای راگەیێندراوێک، دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارانی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی قەزای خەباتی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ''دامەزراوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئانوساتی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی سەر بە قەزای خەبات، دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی دەستیان لەو پشێوییەدا هەبووە کە درێژکراوەی زنجیرەیەک پلانی تێکدەرانە بووە و لەماوەی رابردوودا ئامادەکارییان بۆ کراوە.''
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا وەک ''زنجیرە پلانە تێکدەرانەکان''، باسی لێدان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هێرشکردنە سەر پاڵاوتگەکانی نەوت و وێستگەکانی کارەبا، ئەنجامدانی تەقینەوە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوود لە میدیای لایەنێکی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆن و میدیای دەرەکی وەرگیراوە، ''بۆ ئەوەی خەڵک دژی حکومەت هان بدەن، پشێوی بنێنەوە و لەو رێگەیەوە، تەقە بکەن بەو ئاواتەی هێزە ئەمنییەکان وەڵام بدەنەوە و خەڵک بکوژرێت، پاشان دژی دەسەڵات پرۆپاگاندا بکەن. دواتر داوای دەستوەردان لە گرووپە چەکدارەکان بکەن تاوەکو پەلاماری کوردستان بدەن.''
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئەوەش هاتووە، ''هەر زوو پلانەکان بۆ دامەزراوەکانمان ئاشکرا بوون و توانرا رێگرییان لێ بکرێت و ژمارەیەک تێکدەریش کە راستەوخۆ بەشدار بوون لە ئاژاوەگێڕییەکە دەستنیشان بکرێن و دەستگیر کران.''
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستگیرکراوان بۆ جێبەجێکردنی پلانە ''تێکدەرانەکان'' فەرمانیان لە چەند لایەنێکی نێوخۆیی و دەرەکی و گروپە چەکدارەکان وەرگرتووە، بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان.
لە راگەیێندراوەکەدا دڵنیایی دراوە کە ''ئاژاوەگێڕان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان بە سزای یاسایی خۆیان دەگەیێندرێن.''
هاوکات لە دانپێدانانەکەدا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، تۆمەتبارێک بە ناوی نێچیرڤان عیسا میر، لەدایکبووی 1991 دەڵێت، ''ساڵی 2021 هاتوومەتە نێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بوومە ئەندام کۆمیتە. دوای ماوەیەکیش بوومە بەرپرسی کۆمیتەی قەزای خەبات.''
وەک نێچیرڤان عیسا دەڵێت، سەرەتای ئەم ساڵ کەسێک بە ناوی ''وەلید پرۆ خواجە'' پەیوەندی پێوە گرتووە و داوای لێ کردووە بچێتە سلێمانی بۆ ئەوەی سەبارەت بە هەندێک بابەت جەوهەر ئاغای هەرکی ببینێت.
دەستگیرکراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''چووم بۆ سلێمانی و جەوەر ئاغای هەرکیم بینی و گوتی هاوئاهەنگیان لەگەڵ کەتائیبی سەیدولشوهەدا کردووە لەنێو حەشدی شەعبیدا و پێویستە تۆ سەرپەرشتیی ئەو بابەتانە بکەیت لە سنووری هەولێر.''
نێچیرڤان عیسا ئاماژەی بەوە کرد، لەلایەن جەوەر ئاغای هەرکییەوە راسپێردراوە بچێتە موسڵ و پەیوەندی بە کەسێک بە ناوی ''ئەبو فراس'' بکات کە یەکێک لە بەرپرسانی کەتائیبی سەیدولشوهەدایە.
تۆمەتبارەکە دەڵێت، ''رۆژێک دوای ئەوەی چوومە موسڵ، ئەبو فراسم لە ماڵی جەوەر ئاغای هەرکی بینی و گوتی وردەکارییەکان دەزانیت؟ منیش گوتم هەمووی نا. گوتی، من پێویستیم بە 135 کەس هەیە بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبکەم بۆ هەواڵگریی کەتائیبی سەیدولشوهەدا، تەقەکردن و چاودێری.''
بەگوتەی نێچیرڤان عیسا بەرپرسەکەی کەتائیبی سەیدولشوهەدا پێی راگەیاندووە کە ''هەر گرژییەک یان ئاڵۆزییەک لەنێو سنووری هەولێر بکەوێتە، ئەو کەسانە هان دەدەین کە خۆپێشاندان بکەن. منیش گوتم دروستە.''
تۆمەتبارەکە لە دانپێدانانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، چەند رۆژ بەر لەوەی کە ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان دروست ببن، جارێکی دیکە وەلید تەلەفۆنی بۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی جەوەر ئاغای هەرکی ببینێت، ''جەوەر ئاغا پێێ گوتم تۆ دەزانیت کە ئێمە لەگەڵ کەتائیبی سەیدولشوهەداین و ئەوانیش درێخییان لەگەڵ ئێمە نەکردووە، پێویستە ئێمەش وەڵامیان بدەینەوە و لەگەڵیان هاوکار بین''.
بەگوێرەی دانپێدانانی نێچیرڤان عیسا، جەوەر ئاغای هەرکی پێی راگەیاندووە: ''کەتائیبی سەیدولشوهەدا و هەندێک لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی بەرنامەیەکیان هەیە کە لە سنووری هەولێر خۆپێشاندان دروست بکەن، ئەگەر خۆپێشاندانەکە بکرێ، دەبێ تۆ سەرپەرشتی بکەیت، منیش گوتم دروستە.''
هاوکات بەگوێرەی دانپێدانانەکە، جەوەر ئاغای هەرکی ئەوەشی بە تۆمەتبارەکە گوتووە کە لە خۆپێشاندانەکەدا ئاگر لە دامەزراوە حکومییەکان، وێستگەی کارەبا، پاڵاوتگەی نەوت و هەر شوێنێک بەربدرێت کە بۆیان دەگونجێت، ''تەقینەوە ساز بکەن، خەڵک بکوژن. هەرچی دەکرێت بۆ ئەوەی کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە ئێمە رازی بن، بیکەن.''
نێچیرڤان عیسا ئاماژەی بەوە کرد، جەوەر ئاغای هەرکی پێی راگەیاندووە کە ''کەتائیبی سەیدولشوهەدا بڕە پارەیەک بە ئێمە دەدەن، سوودمەندین لەوانە و نابێ ئەو هاوکارییە ببڕدرێت.''
لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجانی قەزای خەبات و تەقەکردنەکەدا، کەسێک کوژرا و پێشمەرگەیەکیش دوای برینداربوونی، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەو تۆمەتبارە دەڵێت، دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکە دروست بوو، رۆژی یەکەم لە لایەن جەوەر ئاغاوە بڕیاریان بۆ هاتووە کە سەرەتا تەنیا بە سۆشیال میدیا خەڵک هان بدەن و نەچنە نێو خۆپێشاندانەکە.
وەک نێچیرڤان عیسا ئاماژەی دا، چووەتە نێو خۆپێشاندانەکە بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر گردببنەوە، ''هەندێک کەناڵی راگەیاندن هاتن لێدوانیان لێ وەرگرتم، منیش خەڵکم هان دا، بۆ ئەوەی گەنجی زیاتر بێن. ئێوارە کاژێر 05:00 بۆ 05:30 خولەک خەڵکی ئێمە دەستی بە تەقەکردن کرد لە بارەگای (مەقەڕ) پارتی دیموکراتی کوردستان.''
بەگوتەی ئەو تۆمەتبارە، لە ئاڵۆزییەکەدا چەندین کامێرای چاودێری، شوێنی گشتی و دامەزراوەی حکومییان سووتاندووە و دواتر ئاسایش پێی زانیوە کە نێچیرڤان عیسا سەرپەرشتیی خۆپێشاندانەکە دەکات، بەڵام بەر لەوەی بتوانێت خۆی بگەیێنێتە سلێمانی، لە دەرەوەی قەزای قوشتەپە دەستگیر کراوە.
شەوی دووشەممە، 1-12-2025، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو: "کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی کردەوەی ئاژاوەگێڕی، تەقە و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات دا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کرد."
مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، " داوا دەکەین لیژنەیەکی بێلایەن بۆ ئەو تۆمەتانە پێکبێت، لە کەشێکی تەواو ئارام، بێ هیچ فشارێک بۆ کەیسی دورستکراوی هەڤال نێچیروان هەرکی، تەواوی ئەو راستییانە بۆ هەموولایەک ساخبکرێتەوە، ئەگەر نا بەلای ئێمە ئەم کەیسە کەیسێکی حزبییە."
مەڵبەندی سێی یەکێتی، داوای لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی شورای کوردستان، دەستەی مافی مرۆڤ و کۆنسوڵخانەکان کردووە، لەو لێژنەدا هاوئاهەنگ بن.