لە سلێمانی نرخی هەرسێ جۆری بەنزین دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ نرخی هەرسێ جۆری بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن و سووپەر) دابەزێت. دەشڵێت: "هۆکارەکەی کەمی خواست و هاوردەکردنییەتی."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی کانوونی یەکەمی 2025، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاردراوە ئەمڕۆ دوای کاژێر 16:00 نرخی بەنزین لە سنووری پارێزگاکە داببەزێنرێت."
بە گوتەی گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، بڕیارە هەرسێ جۆرەکە 25 دیناری عێراقی هەرزان بکرێن؛ نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بووە 875 دینار؛ یەک لیتر بەنزینی موحەسەن 1075 دینار و لیترێک بەنزینی سووپەر بووە 1225 دینار.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی بەنزینەوە، بەهمەن شێخ قادر گوتی، "هۆکارەکە ئەوەیە کە بەنزین لە بازاڕ زۆر بووە؛ هاوکات خواست لەسەری کەمە. جگە لەوەی لە خوارووی عێراق و ئێرانیش هاردە دەکرێت."
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی بەنزینی حکومیی کواڵیتی بەرز لیتری بە 750 دینار زیادیکردووە و بووە بەهۆی دابەزینی نرخی بەنزینی بازرگانی".
ئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی کوالێتی بەرزی بازرگانی بە کۆ 820 بۆ 825 دینارە و لە بەنزینخانەکان بە 860 بۆ 875 دینار دەفرۆشرێت.
سەرباز کەریم، بازرگانی بەنزین و سووتەمەنی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزین لە هەولێر وەکو خۆیەتی و دەسکاری نەکراوە."
ئەو بازرگانەی بەنزین لە هەولێر روونیکردەوە، "ئەگەر کار و لاناز نرخەکەی داببەزێنن، ئەوە نرخی بەنزین دادەبەزێنرێت؛ بەڵام ئەوان لە هەولێر داینەبەزێنن، دەسکاری ناکرێت."
لەبارەی دابەزاندنی نرخی بەنزین لە پارێزگای دهۆک، سەرباز کەریم گوتی، "بۆرسە دانی بەیانیان بڕیاردەدات نەک ئێواران؛ نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆک وەکوو یەکە؛ لە هەولێر بڕیاری چی بدریت، دهۆکیش دەگرێتەوە."