وەزارەتی ئەوقاف: ماوەی تەواوکردنی مامەڵەی حاجییان درێژکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دووبارە ماوەی تەواوکردنی مامەڵەی حاجییان تاوەکو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو درێژکرایەوە.
وەزارەتی ئەوقاف 26-11-2025 ماوەی مامەڵەی حاجییانی هەفتەیەک درێژکردەوە. دوێنێ چوارشەممە دوایین رۆژ بوو.
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و حاجییان، بە بریاری د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ماوەی مامەڵەی حاجییان بۆ رۆژی دووشەممە 8-12-2025 درێژکرایەوە".
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، ئەمە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ ئەو کەسانەی ناویان لەپڕۆسەکە دەرچووە، یان رێنمایی وازهێنان بۆ کەسێکی دیکە "تەنازولکردن" دەیانگرێتەوە، دوای ئەو رێکەوتە یەدەگەکان شوێنی ئەوانە دەگرنەوە، کە نەھاتوون.
بەپێی ئەو ماوەیەی دانرابوو، ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرگرتنی مامەڵەی حاجییان بوو، بەپێی ئەو کاتەی لە سعودیە دیاریکراوە، پێویستە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی 2026، هەموو رێکارەکان بۆ پڕۆسەی حەج تەواو بووبن.
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تیمەکانمان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە و نووسینگەکانی حەج و عومرە لە رۆژانی یەکشەممەوە لە کاژێر 08:30ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 04:00ـی ئێوارە کاردەکەن، بە مەبەستی خزمەتکردنی حەجخوازان و تەواوکردنی مامەڵەکانیان".
رۆژی 27ـی تشرینی دووەم، بڕیاربوو دوا وادەبێت بۆ وەرگرتنی مامەڵەی حاجییان، بەڵام بە بڕیاری د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ 4ـی کانوونی یەکەم درێژکرایەوە.
ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەرچووە، دەتوانن لە نووسینگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، زاخۆ و راپەڕین مامەڵەکانیان تەواو بکەن.
ناونووسین بۆ حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان تۆمار کردبوو.