سێیەمین ڤێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی راگەیاندنی ڤێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێیەمین ڤێستیڤاڵی تەحین بەڕێوەدەچێت. راشیگەیاند: "جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بە چالاکیی هونەری و ئامادەبوونی هونەرمەندان ساز دەکرێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، کاروان حاجی سەعید، سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، سێیەمین ڤێستیڤاڵی تەحین لە قەزای ئامێدی دەستپێدەکات و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت."
 
بە گوتەی کاروان حاجی سەعید، ئەم ساڵ ڤێستیڤاڵەکە جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بە چالاکی هونەری دەستپێدەکات و رۆمی هەرکی و حەسەن شەریف گۆرانی دەڵێن.
 
بۆ نمایشی بەرهەمەکان، 100 کەپر ئامادە کراون. سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵەکە گوتی: "26 کەپریان بۆ تەحینن و ئەوانی دیکەش بۆ کاری دەستی، خواردنی کوردەواری، میوە، بەرهەمی وشککراوە و بەرهەمی دیکەی خۆماڵی."
 
نزیکەی 100 جووتیار و باخەوان لە ڤێستیڤاڵەکەدا بەشدارن. کاروان حاجی سەعید گوتی: "تەنیا جووتیاران و باخەوانانی قەزای ئامێدی لە 6 ناحیە و سەنتەری قەزاکە بەشدارن و جووتیاری شوێنی دیکە بەشدار نین."
 
سەرپەرشتیاری ڤێستیڤاڵی تەحین باسی لەوەشکرد: "چاودێریی نرخی بەرهەم و کەلوپەلەکان دەکەین و پێویستە بە هەمان نرخی بازاڕ بفرۆشرێنەوە و هەر کەسێک نرخی بەرهەمەکان گران بکات، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
 
پار لە 14-11-2025، دووەمین فێستیڤاڵی تەحین بەڕێوەچوو. کاروان حاجی سەعید گوتی: "ئەم ساڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو کەمێک دواکەوت، بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکان بە تەواوی پێنەگەیشتبوون و شوێنەکەمان گۆڕیوە و گەورەترمان کردووە و بردوومانەتە گوندی بێباد لە قەزای ئامێدی، لە هەموو شوێنەکانەوە چاوەڕێی گەشتیاران و سەردانیکاران دەکەین".
 
لە ڤێستیڤاڵەکەدا تەحین، هەنار، هەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و بەرهەمی دیکە نمایش کران.
 
یەکەمجار، 23-11-2023 لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو.
 
تەنیا لە قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە، کە نزیکەی 240 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دێت.